بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەر رێگەی راست و قەرەبووكردنەوەی دۆڕانە گەورەكەیان لە یاریی دێربیی مەدریددا، یانەی ریال مەدرید جارێكی دیكە لە لالیگا یارییدەكات و ئەمشەو رووبەڕووی یانەی لاس پاڵماس دەبێتەوە.

 كاتژمێر هەشتی شەو لە ركابەرییەكانی گەڕی حەوتەمی  لالیگادا یانەی ریال مەدرید لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی لاس پاڵماس دەكات.

میوانەكەی ریال مەدرید پێشتر 39 یاریی لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجامداوە و هیچ یارییەكی نەبردووەتەوە، 34 یاریی دۆڕاندووە و 5 جار یەكسانبووە، بۆیەش پێناچێت ئەركی ریال مەدرید زەحمەت بێت.

 بۆ ئەم یارییە هەریەكە لە ڤینیسیۆس جونیۆر و دانی كارڤاخال گەڕاونەتەوە نێو تیپەكەی كارلۆ ئەنچێلۆتی و هەردوو یاریزانەكە بەتەواوی ئامادەن.

 رۆژنامەی ماركا دەڵێت "ئەگەری هەیە ڤینیسیۆس بەشێوەی سەرەكی یاریی بكات و دەیەوێت هاوكاریی یانەكەی بكات بۆ قەرەبووكردنەوەی دۆڕانەكەی بەرامبەر ئاتلێتیكۆ مەدرید."

 ریال مەدرید لە ئەگەری بردنەوەی یارییەكەی ئەمشەو دەكرێت بگەڕێتەوە پێشەنگی ریزبەندی خولەكە، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا دوو خاڵی بەرامبەر یانەی ریال مایۆركا لەدەستدا.