
دوای بردنەوەیان لە ناپۆلی كارلۆ ئەنچیلۆتی دەڵێت: یارییەكە قورس و ئاڵۆز بوو، 20 خولەكی كۆتاییش زۆر باش بوو و ریتمی یارییەكەمان گۆڕی.
سەبارەت بە نیكۆ پازی لاو ڕاهێنەرە ئیتاڵیەكە وتی: ئەو بەهرەمەندە، گۆڵێكی گرنگی بۆ خۆی و بۆ ئێمە تۆماركرد.
لە درێژەی قسەكانیدا رایگەیاند: باشترین یاری بوو بۆ یانەكەیان، چونكە بەرامبەر ڕكابەرێكی سەخت بوو، تا كۆتایی شەڕیان كرد و ڕكابەریان كرد، ئامانجیشیان بەدەستهێنا كە لە پێشەنگی كۆمەڵەكەدا سەركەوتن بۆ قۆناغی 16، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا دەیانەوێت پشوو بدەن.
دەربارەی ئاستی جود بێلینگهامیش دوپاتیكردەوە: لە گێمی دووەمدا زۆر ماندوو دەركەوت، تەنها 10 خولەكی پێویست بوو بۆ چاكبوونەوە، لە كۆتا 15 خولەكی یارییەكەشدا جیاوازییەكەی دروستكرد، ئەمەش جێگەی سەرسوڕمانە چونكە كەس ناتوانێت خەیاڵیش بكات بەو زوییە لەگەڵ یانەیەك بگونجێت.
لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لەوەكردەوە: بێلینگهام سوپرایزێكە بۆ هاندەران و هاوڕێ و یاریزانەكانی و تەنانەت ڕكابەرەكانیش.
لە كۆتاییدا وتی: بێلینگهام كاتێك دەگاتە ناوچەی سزا سەرسوڕهێنەرە، دوای پاسەكەی كارڤاخال دەرفەتێكی بۆ ڕەخسا و وەك ماتۆڕسكیلێك چووە ناو ناوچەی سزا.
