دوای بردنەوەكەی بەرامبەر چێڵسی و سەركەوتنی یانەكەی بۆ قۆناغی پێش كۆتایی چامپیۆنز لیگ، كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ئاماژەی بەوەكرد، زۆر دڵخۆشە بە بردنەوەكەیان و سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو.

لە بارەی داهاتووشیەوە ئەنچیلۆتی دەڵێت "من زۆر دڵخۆشم لە ڕیاڵ مەدریددا، هیوادارم ماوەیەكی درێژتر لێرە بمێنمەوە، یارییەكەشمان هەر وەك هەموو یارییەكانی قۆناغی چارەكی كۆتایی زۆر قورس بوو، یاریزانەكان پەیوەستبوون بە كاری بەرگرییەوە، ئێمەش تیپێكی تۆكمەبووین، لە تایمی دووەمیشدا لە هێرشە هەڵگەڕاوەكاندا باشتربووین".

ئەنچیلۆتی سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو بە شایستە دەزانێت و لە بارەی ئامادەنەبوونی میلیتاویش لە یاری چوونی قۆناغی پێش كۆتایی دەڵێت "كارتە زەردەكەی میلیتاو كەمێك دوودڵی كردین، لەبەرئەوەی یاریكردن بە 10 یاریزانەوە قورسە، بەڵام یارییەكی نایابی كرد، بۆ یاری داهاتوو لەدەستی دەدەین، بەڵام هیوامان هەیە ئەلابا بەدەستبهێنینەوە، كە توشی فشاری ماسولكەیی بوو، بنزیمەش توشی پێكانی ماسولكەیی بوو، هەر بۆیە هەردووكیانمان دانیشاند".

ئەنچیلۆتی لە بارەی سەركەوتنی میلان دووپاتیكردەوە ئەوان تەنیا بیر لە خۆیان دەكەنەوە، بەڵام دڵخۆشە دوای ماوەیەی زۆر میلان سەركەوت بۆ قۆناغی پێش كۆتایی، لەگەڵ ئەمەشدا نیگەرانە بۆ ماڵئاوایكردنی ناپۆلی، لەبەرئەوەی ڕێز لەو یانەیەش دەگرێت.