ئەنچیلۆتی دوای یارییەكە سەبارەت بە سیستەمی تیپەكەی ڕایگەیاند ئێمە لۆكا مۆدریچمان وەك یاریزانی ژمارە 10 و جود بێلینگهام و ڕۆدریگۆمان لە هێڵ هێرشبردندا بەكارهێنا، باسی لەوەش كرد بۆیە یاری بە تۆنی كروس و مۆدریچ كردووە پێكەوە ویستویەتی زیاتر زاڵ بن بەسەر هێلی ناوەنددا.

هەروەها ئەنچیلۆتی باسی لەوە كرد كە هەم لە بەرگری كردن هەم لە هێرش بردندا خراپ بوونە، گۆڵی سێیەمی ئەتلەتیكۆ هەموو شتێكی بۆیان قورس كردووە.

لە پرسیاری ئەوەی بۆچی خۆسیلۆی لەسەر كورسی یەدەگ داناوە ئەنچیلۆتی وتی: پێم وابوو لەگەڵ یاریزانێكی تری ناوەڕاست زیاتر تۆپەكان كۆنترۆڵ دەكەین، بەڵام ئەوە كێشەكە نەبوو، كێشەكە بەرگری بوو، من باسی یاریزانێك بە دیاریكراوی ناكەم، بەڵام لە ڕووی بەرگرییەوە خراپ بووین.

هەروەها كارلۆ باسی لەوەش كرد بۆیە گۆڵكردن سەخت بووە لە گێمی دووەمدا یانەی ئەتلەتیكۆ تیپێكن كە زیاتر بەرگری دەكەن، ئەمەش كاری تیپی بەرامبەر قورستر دەكات.

لە كۆتایشدا ڕاهێنەرەكەی ڕیاڵ مەدرید شكستەكەی كردە ئەستۆی خۆی، وتی كە ئەم شكستە یارمەتیمان دەدات تا هەندێك لە هەڵەكانمان چاك بكەینەوە، وە دڵنیاشی كردەوە شێوازی یاریكردنی خۆیان ناگۆڕن.