پێش یاریەكەیان بەرامبەر بایرن میونشن، كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، بایرن میونشن تیپێكی بەهێزە و یاریزانی خێرا هەیە و بە فشارێكی زۆرەوە یاریدەكەن، هەردوولا دەتوانن بە چەند شێوازێكی جیاوازی یاریبكەن.

ئەنچیلۆتی وتی: یادگاری خۆشم لەگەڵ بایرن میونشن و یاریگاكەی هەیە چونكە ماوەیەك راهێنەری ئەو یانەیە بووم، ئەوان ئێستا خاوەنی راهێنەرێكی گەورەەن كە تۆماس تۆخێلە، شێوازێكی سەرسوڕهێنەری هەیە لە كاركردندا.

وتیشی: بایرن ئاستێكی نایابی پێشكەشكرد لە یاریەكەی ئارسناڵ سەرەرای ئەوەی لەم وەرزەدا هەندێك ئەنجامیان لە بۆندس لیگا باش نەبووە، رێزێكی زۆریان دەگرن ئەوانیش هەمان هەستیان هەیە بەرامبەر ئێمە.

دوپاتیشیكردەوە، بە دڵنیاییەوە هەموو وەرزێك ریاڵ مەدرید ئامانجی گەیشتنە بە یاری كۆتایی بەڵام لە ئێستادا سەرنجیان تەنیا لەسەر ئەم یاریەیە و بیر لە داهاتووتر ناكەنەوە.

لە وەڵامی تۆماس تۆخێل كە وتبوی گنابری گۆڵ تۆماردەكات، ئەنچیلۆتی دەڵێت، هەموو یاریزانەكان لە یاریگادا هەلی ئەوەیان هەیە گۆڵ تۆمار بكەن بە نمونەی گنابری و هاری كەین و ڤینیسیۆس.