ریاڵ مەدرید و جیرۆنا لە هەفتەی 24ی خولی ئیسپانیا یاری لوتكە ئەنجامدەدەن و لەسەر یارییەكەش كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید و میشێلی راهێنەری جیرۆنا قسەیانكرد، لە سەرەتاشدا راهێنەرەكەی یانەی شاهانە وتی: ڕووبەڕووبوونەوەی جیرۆنا زۆر قورس دەبێت، بەرامبەر تیپێكی بەهێز و دیار یاری دەكەین كە پێشكەوتنەكانی لەم وەرزەدا شایەنی ڕێزگرتنە.

ئاماژەی بەوەشكرد، تیپێكی بە جۆش و خرۆشە ولە كۆنترۆڵكردنی شوێنەكان باشە، هەروەها دەتوانێت بردنەوە بەدەستبهێنێت لە مەدرید و لە پێشەنگی ڕیزبەندی لا لیگادا بێت، بەدڵنیاییەوە هەركەسێكیش بردنەوە بەدەست بهێنێت سوودێكی گەورەی دەبێت، بەڵام ئەنجامی یارییەكە بڕیار لەسەر براوی نازناوەكە نادات چونكە هێشتا رێگەیەكی درێژ ماوە.

دەشڵێت: پێموایە هەركەسێك یەكەمجار بگاتە 80 خاڵ، نزیكترین كەس دەبێت لە بردنەوەی نازناوی خولەكە لەم وەرزەدا.

ئاشكراشیكرد: ڤینیسیۆس لە دۆخێكی باشدایە، ڕودیگەریش بە شێوەیەكی ئاسایی مەشقی كردووە و ئەگەر بتوانێت یاریدەكات، ئەگەر نا مەترسی بۆ دروست ناكەین.

میشێلی راهێنەری جیرۆناش دوپاتیكردەوە، یارییەكی قورسمان لە پێشە و زۆر نایاب دەبێت ئەگەر لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ شكست بە ریاڵ مەدرید بهێنن، بەڵام نادادپەروەرییە بە جیرۆنا بوترێت دەبێت لا لیگا بەدەست بهێنن چونكە پاڵێوراوی سەرەكی ریاڵ مەدریدە.