
لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنوسیدا، كارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید ئاماژەی بە وەرزی ئامادەكاری یانەكەی بۆ وەرزی 2023 بۆ 2024 كرد و دووپاتیكردەوە ئەمساڵ بە پلانێكی جیاوازەوە یاری دەكەن.
ئەنچیلۆتی دەڵێت "دەبێت شێوازێكی نوێ بدۆزینەوە، بەتایبەت لە ئەمریكا، كە بەشێكی گرنگی وەرزی ئامادەكاریەكانمان دەبێت بۆ وەرزی نوێ، جود بێلینگهامیش بەجدییەوە كاردەكات و لە ئامادەكاریەكاندا لەگەڵماندا دەبێت".
ئەنچیلۆتی گەشتە وەرزشیەكەیان بە گرنگ دەزانێت بۆ تەواوی تیپەكەی بەتایبەت بۆ یاریزانە نوێكان، كە هەلی گونجاندنیان پێدەبەخشێت و باشتر هاوكارەكانیان دەناسن.
ئەنچیلۆتی باس لەوەشدەكات، وەك بەرگریكاری چەپ یاری بە كاماڤینگا ناكات، لەبەرئەوەی هەریەكە لە فران گارسیا یان فیلاند مێندی ئامادەدەبن بۆ یاریكردن لەو شوێنە.
لە بارەی یاری كلاسیكۆی نێوان ڕیاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە لە ئەمریكا ئەنچیلۆتی دەڵێت "كلاسیكۆ هەر كلاسیكۆیە لە هەر شوێنێك بێت، یاری دۆستانە لە نێوان ڕیاڵ و بەرشەدا نییە، هەموان دەزانن یارییەكی سەرنجڕاكێشە، لەبەرئەوەی كێبڕكێیەكی زۆری تێدایە".