پێش روبەڕوبوونەوەی سێڵتا ڤیگۆ، كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدرید رایگەیاند، دەیەوێت پێش هەموو شتێك نیگرانی خۆی بۆ پێكانەكەی كارفاخاڵ دەرببڕیت و یاریزانەكە ئەگەر لە یاریگاشدا لەگەڵیان نەبێت ئەوە لە دەرەوەی یاریگا وزەیان پیدەبەخشێت.

وتیشی: مباپێ پێویستی بەوە نییە بچێت بۆ گەشت پرس بە من بكات و ئەو بابەتێكی شەخسیە، پشووەكەی بە باشی بەكارهێنا بۆ باشتركردنی بارودۆخی و ئاستی، دڵخۆشە و بە تامەزرۆییەوە ئامادەی یارییەكەی سێڵتا دەبێت، ئەم 15 ڕۆژە زۆر یارمەتیدەر بوو چونكە بووەتە یاریزانێكی جیاوازتر.

باسی لەوەشكرد، داوای كڕینی یاریزانی نوێی لە یانەكە نەكردووە و هاوشێوەی وەرزی پێشوو خۆیان لەگەڵ بارودۆخەكەدا رادەهێنن، وە ئالاباش نزیكە لە گەڕانەوە بۆ راهێنانە بە كۆمەڵەكان و هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخی ڤاڵڤێردی و رۆدریگۆش دەكەن.

سەبارەت بە بارودۆخی گشتی یانەكەشی وتی: متمانەم بەم تیپە زیاترە لە چاو مانگێك لەمەوبەر، دەبینم یاریزانەكانم زیاتر پاڵنەریان هەیە و لە ڕووی جەستەییەوە باشترن، ڤینیسیۆسیش لە ئێستادا بە تەواوی ئامادەیە بۆ یاریكردن.

جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە، هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا نەبووە و دڵخۆشە بە بوونی ڤاسكێز لە پێكهاتەی یانەكەی چونكە یاریزانەكە خاوەنی سیفاتی جیاوازە.