كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید پێش یاریەكەیان بەرامبەر چێڵسی كە كاتژمێر دووی بەرەبەیانی چوارشەممە ئەنجامدەدرێت رایگەیاند، یاریزانەكانی دوای گەڕانەوەیان بۆ راهێنانەكان بە باشترین شێوە ئامادەكارییان كردووە.

ئەنچیلۆتی دەڵێت، لە وەرزی نوێدا كێبڕكێ لەسەر حەوت نازناوی جیاواز دەكەین و دڵنیابن لە تواناماندایە ئەو كارە ئەنجامبدەین ئەگەر خشتەی یارییەكانیش زۆر ئاڵۆز بن چونكە تیپێكمان هەیە زۆر بەهێزە و داواكاری یانەكە جێبەجێ دەكەن.

وتیشی، دەبێت بەردەوام پێكەوە كار بكەین و ئامادەبین بۆ دەستپێكردنی وەرزەكە، چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرجەم یاریزانەكانی ترین تا نایابترین كەشی راهێنان و یاری كردن دروستببێت.

دەشڵێت، بە هاتنی كیلیان مباپێ بە هیچ شێوەیەك گۆڕانكاری لە شوێنی بێلینگهامدا ناكەم چونكە وەرزی رابردوو لەو پێگەیەی یاریمان پێكرد زۆر نایابانە دەركەوت و لە جامی یۆرۆشدا ئاستێكی باشی هەبووە و نزیكبوو لەوەی ببێتە پاڵەوان.

لەسەر ئاستی ئیندریك، ئەنچیلۆتی دوپاتیكردەوە پێویستە ئارامییان هەبێت بەرامبەر ئەو یاریزانە، بەهرەیەكی گەورەی هەیە و نابێت فشار بكەنە سەری چونكە هێشتا منداڵە.