دوای وەستانی یاریی خولە ناوەخۆییەكانی جیهان، یاریزانەكان بەرەو وڵاتەكانیان دەگەڕێنەوە بۆ بەشداریكردن لە یاری پاڵاوتنەكانی یۆرۆی 2024، جامی جیهانی 2026 و جامی ئاسیای 2027.

بە شێوەیەكی چاوەڕواننەكراو فرناندۆ دینیزی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل ئێندریكی 17 ساڵانی بانگهێشتی هەڵبژاردەكەی كرد دوای ئەوەی هەریەك لە نێمار، ریچارلیسۆن، گابریێل جیسۆس بەهۆی پێكانەوە لە هەڵبژاردەكە دووركەوتنەوە، هەروەها بەهۆی پێكانەوە لە هێڵی ناوەڕاست بەرازیل لە تواناكانی كاسێمیرۆ بێبەشدەبێت.

 لە بەرامبەردا ئەرجەنتین كە وا بڕیارە لە بەرامبەر بەرازیل یاری بكات، بە تەواوی پێكهاتەكەیەوە ئامادە دەبێت و تەنیا لە تواناكانی لیساندرۆ مارتینێز بێبەش دەبێت، كە بەهۆی پچڕانی بەستەرەكانی ئەژنۆی لە یاریگەكان دووركەوتووەتەوە.

 لە 22ـی ئەم مانگە هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بەرازیل لەسەر یاریگای ماراكانا رووبەڕووی یەكدەبنەوە و ركابەری لەسەر پێشەنگی هەڵبژاردەكانی ئەمریكای باشوور دەكەن، لە پاڵاوتنەكانی مۆندیالدا.