ئەم دیاردە بەڕازیلییە، كە بە درێسی پاڵمێراسەوە درەوشایەوە و بەم زووانە دەچێتە ڕیاڵ مەدرید و لە بەرزترین ئاستی جیهانی تۆپی پێدا یاری دەكات، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ئەندریك ڕایگەیاند كە لە هەژارییەكی زۆردا لە گەڕەكێكی بەرازیل گەورە بووە و دایك و باوكی هەندێك جار بە گەدەی بەتاڵ دەخەوتن تا ئەو لە برسا نەخەوێت.

لە چاوپێكەوتنەكەدا ئەندریك سەبارەت بە منداڵی خۆی دەڵێت: هەرگیز برسی نەبوومە هەرچەندە ئێمە زۆر هەژار بووین، بەڵام دایك و باوكم خۆیان برسی دەكرد بۆ ئەوەی من برسی نەبم، كارەكانیان هێز و پاڵنەرێكی زۆری پێبەخشیم چونكە بەڵێنم بە خۆم دا بۆ ئەوەی بگەمە شوێنێك كە هەرگیز ناچار نەبن جارێكی تر ئەو كارە بكەنەوە، هەمیشە ویستوومە كارێك بكەم ئەوان بە برسێتی نەخەون شەوانە.

ئەندریك دەڵێت ئەو بارودۆخە سەختەی كە لە منداڵیدا هەیبووە، وای لێكردبوو كە بەرگەی ڕەخنەكان بگرێت، وتیشی: كاتێك گەنجتر بووم، هەمیشە تووڕە بووم و دەمویست نیشانی هەموو جیهان بدەم كە من كێم، دەمویست هەركەسێك ڕەخنەی بگرێت بێدەنگی بكەم، بەڵام دواتر بۆم دەركەوت كە پێویست ناكات هیچ شتێك بۆ كەس بسەلمێنم.

لاوە بەڕازیلیەكە لە كۆتاییدا وتی: من ئەندریكم، ئەگەر كەسانێك بیانەوێت سوكایەتیم پێبكەن گرنگیان پێنادەم، راستە سەختە بەڵام ئیتر گرنگی بەو شتانە نادەم و هیچ رەخنەیەك ناتوانێت ئازارم بدات و پاشگەزمبكاتەوە لە رێگاكەم.