
لویس ئێنریكی، راهێنەری پاریس سانجێرمان تۆمەتبار دەكرێت بەوەی هانی كیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی تیپەكە دەدات، بۆ جێهێشتنی ریزەكانی یانەكە كاتێك ماوەی گرێبەستەكەی لەگەڵ پاریس لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو كۆتایی دێت.
دانیێل ریۆلۆ، پێشكێشكاری سەرەكی تۆڕی RMC Sportـی فەرەنسی، دووپاتیكردەوە كە ئێمباپێ زۆر ناڕەحەتە لە بڕیارەكەی ئێنریكی كە وەك هێرشبەری سەرەڕم یاری پێدەكات.
ریۆلۆ ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێنریكی ئازادە، ئەو راهێنەر و بڕیاردەرە لە هەڵبژاردنی شێوازی یاریكردن و یاریزانەكانی، بەڵام ئێمباپێ گلەیی ناكات و بێدەنگ دەبێت، چونكە دەزانێت لە كۆتایی ئەم وەرزەدا ریزەكانی تیپەكە بەجێدەهێڵێت.
هەروەها دەشڵێت "لویس ئێنریكی پاساوی قایلكەری بۆ بڕیارەكەی بۆ یاریكردن بە ئێمباپێ وەك هێرشبەری سەرەڕم نەخستووەتەڕوو، بەڵكو كاتێك لەو بارەیەوە رۆژنامەڤانان پرسیاری لێدەكەن، گاڵتەیان پێدەكات، ئەمەش بەتەواوی قبوڵكراو نییە".
شرۆڤەكاری تۆڕی RMC Sport لویس ئێنریكی بەوە تۆمەتبار دەكات كە كەسێكی خۆپەرستە و رێز لەو بینەرانە ناگرێت كە پارە دەدەن بۆ بینینی یارییەكانی تیپەكە یان ئەو هاندەرانەی كە لە یاریگاكاندا ئامادەن.
راهێنەری پاریس سانجێرمان لە كۆتاییەكانی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی رابردووەوە وەك هێرشبەری سەرەڕم پشتی بە كیلیان ئێمباپێ بەستووە، ئەمەش بەدڵی كیلیان نییە، كە هەمیشە دەیەوێت لە باڵەوە یاری بكات.
سوودمەندترین لایەن لەم دۆخە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەبێت، كە دەیەوێت بەبێ بەرامبەر كیلیان ئێمباپێ بباتە ریزەكانی، خودی یاریزانەكەش دەیەوێت بچێتە ریزەكانی یانەی شاهانە.