یارییەكانی قۆناغی چارەكی كۆتایی یۆرۆپا لیگ بەردەوامی هەیە، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە یارییەكانی گەڕانەوەدا و لە كاتژمێر 10، یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لەدەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی ئەتڵانتای ئیتاڵی.

ئەركی لیڤەرپوڵ بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش كۆتایی قورسە چونكە لە یاری چووندا كە لە یاریگای خۆی بەڕێوەچووبوو بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێ بەرامبەر شكستیهێنابوو لەبەرئەوە لەم یاریەدا پێویستە بە جیاوازی چوار گۆڵ بردنەوە بەدەستبهێنێت.

لە یاریەكی تردا، هەردوو یانەی رۆما و ئەی سی میلانی ئیتاڵی رووبەڕووی یەكدەبنەوە و هەلی گەیشتنی رۆما زیاترە چونكە لە یاری یەكەمدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە گۆڵێك بردنەوەی بەدەستهێنابوو.

یانەی بایەر لیڤەركوزنی ئەڵمانیش كە لە چەند رۆژی رابردودا بە فەرمی بووە پاڵەوانی بۆندس لیگا لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی وێستهامی ئینگلیزی، لە یاری رابردووشدا بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر یاریەكەی لە سوودی خۆی كۆتاییپێهێنابوو، هەردوو یانەی مارسیلیا و بەنفیكاش رووبەڕووی یەكدەبنەوە.