لە یارییەكانی گەڕانەوەی قۆناغی پێش كۆتایی خولی ئەوروپا، ئەمشەو كاتژمێر 10 دوایین دوو یاری قۆناغەكە ئەنجام دەدرێن، ئیشبیلیەی ئیسپانی لە یاریگای ڕامۆن سانشێز بیرخوان، میوانداری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دەكات.

لە یاری چووندا، كە لە یاریگای ئەلیانز ستادیۆم بەڕێوەچوو، خانمە پیرەكەی ئیتاڵیا لە خولەكەكانی كۆتاییدا خۆی لە دۆڕاندن ڕزگاركرد و یارییەكە بە یەكسانی و بە گۆڵێك بۆ هەردوولا كۆتایی هات.

لە هەمان كاتدا و لە یارییەكی تردا، ڕۆمای ئیتاڵی لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا، ڕووبەڕووی بایەر لیڤەركوزنی ئەڵمانی دەبێتەوە.

ڕۆما هەنگاوێك لە یاری كۆتایی نزیكبووەتەوە، دوای ئەوەی توانی لە یاری چووندا لە یاریگای ئۆڵیمپیكۆ، بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر یارییەكە بباتەوە.

بڕیارە یاری كۆتایی ئەم وەرزەی یۆرۆپا لیگ لە 31ی ئەم مانگە لە یاریگای بۆشكاش ئەرینا لە بۆداپێستی پایتەختی هەنگاریا بەڕێوەبچێت.