
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەكانی ئیسپانیا دەڵێن " مۆدریچ پێشكۆتاییهاتنی ركابەرییەكانی ئەم وەرزە ریزەكانی ریال مەدرید بەجێدەهێڵێت و پەیوەندی بە یەكێك لە خولەكانی ئەمریكا یان سعودیە دەكات، لەكاتێكدا ژمارەیەكی زۆری یانە لەسەر ئاستی هەردوو خول ركابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەكە دەكەن."
لەبارەی داهاتووی یاریزانەكەوە لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەكەیان بەرامبەر رایۆ ڤایكانۆ، كارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی "سیاسەتی یانەكە بەو شێوەیەیە ساڵ لە دوای ساڵ گرێبەستی یاریزانە بەتەمەنەكان نوێدەكاتەوە، من لەوە زیاتر شتێكی دیكە نازانم، پێش مانگێك قسەم لەگەڵی كردووە و هەموو شتەكان باشن، لە كۆتاییدا ئەوە بڕیاری خۆیەتی و بزانین چ بڕیارێك دەدات."
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەری رێلیڤۆی ئیسپانی، ریال مەدرید ئامادەكاری دەكات، بۆ ئەوەی پێشكۆتاییهاتنی ئەم وەرزە، رۆیشتنی مۆدریچ لە ریزەكانی یانەكەی رابگەیێنێت.
كارگێڕیی ریال مەدرید دەیەوێت لە كۆتایی وەرزدا ماڵئاواییەكی شایستە لە لوكا مۆدریچ بكات، بە ئامادەبوونی هاندەران رێوڕەسمێكی گەورەی بۆ رێكبخات و رێز لەو مێژوویە گەورەیە بگرێت كە لەگەڵ یانەكە هەیەتی.
مۆدریچ تەمەنی 38 ساڵە، یانەكانی ئینتەرمەیامی ئەمریكی، نەسڕ و ئیتیحادی سعودی كار بۆ گواستنەوەی دەكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا یاریزانەكە بڕیاری خۆی نەداوە.