یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی بڕیاریدا لە پرۆژەی سوپەر لیگ بكشێتەوە و هەردوو یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنەی ئیسپانی بە تەنیا لە پرۆژەكەدا بهێڵێتەوە.

یانە ئیتاڵیەكە لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا بڵاویكردووەتەوە، رێكارەكانیان بەمەبەستی دەرچوون لەو پرۆژەیە دەستپێكردووە و پێشتریش ئەو دوو یانەیەیان لەو بابەتە ئاگادار كردووەتەوە.

ئاماژەیان بەوەشداوە كە بە وریاییەوە هەنگاو دەنێن و رێكارەكانیان بەمەبەستی كشانەوە لە سوپەر لیگ دەستپێكردووە بەهۆی ئەو رێككەوتنەی كە لەو پرۆژەیەدا كراوە.

رونیشیانكردووەتەوە، لە ماوەی رابردوودا كۆبونەوەی چڕیان لەگەڵ بەرپرسانی هەردو یانەی ریاڵ مەدرید و بەرشەلنە كردووە وەك ئامادەكارییەك بۆ كشانەوە لە پرۆژەكە دوای ئەوەی بەشێك لە یانە گەورەكان وازیان هێنا لە پێشتردا.

پرۆژەی سوپەر لیگ لە دوو ساڵی رابردوودا بە سەرۆكایەتی فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی ریاڵ مەدرید راگەیاندرا بە بەشداریكردنی 12 یانەی گەورەی ئەوروپا بەڵام بەهۆی فشارە زۆرەكانەوە بە خێرایی نۆ یانەیان كشانەوە و تەنیا یانەكانی ریاڵ مەدرید و بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس مابونەوە و لە ئێستاشدا یانە ئیتاڵیەكە لە كشانەوەدایە.