فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، هەوڵدەدات بە بەڵێنیك، كیلیان ئێمباپێ سەرمەست بكات، بۆ ئەوەی پاریس سانجێرمان بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانە ئیسپانییەكەوە بكات.

ئەو پلانەی پێرێز دایناوە بۆ سەرمەستكردنی ئێمباپێ، لە هاوینی 2024دا دەچێتە واری جێبەجێكردنەوە.

ئێمباپێ گرێبەستەكەی لە هاوینی 2024 لەگەڵ سانجێرمان كۆتایی دێت، لە كاتێكدا ئەگەری نوێكردنەوە بۆ وەرزێكی دیكەش لە گرێبەستەكەدا بەردەستە.

 میدیای ئیسپانیا دەڵێن، كارگێڕیی سانجێرمان هەوڵی زۆر دەدات بۆ ئەوەی ئێمباپێ رازیبكات بەوەی گرێبەستێكی تاهەتایی لەگەڵ یانە پاریسییەكە واژۆ بكات، لە كاتێكدا تاوەكو ئێستا كیلیان وەڵامی ئەو ویستەی یانە پاریسییەكەی نەداوەتەوە.

 كیلیان ئێمباپێ، هەستدەكات بەرپرسانی سانجێرمان بەڵێنەكانی خۆیان لە بەرامبەر ئەو یاریزانە لە كاتی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی نەبردووەتە سەر، چونكە زۆر بەڵێنیان پێداوە و تاوەكو ئێستا، جێبەجێ نەكراوە.

 پێرێز هەوڵدەدات بە دانانی خاڵێك لە گرێبەستی ئێمباپێ، ئەو یاریزانە سەرمەست و رازیبكات بۆ پەیوەندیكردن بە ریال مەدریدەوە، خاڵەكەش بریتییە لە رێگەدان بەبەشداریكردنی ئێمباپێ لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵەمپیادی 2024.

 بەپێی یاسا پەیڕەوكراوەكانی فیدراسیۆنە نێودەوڵەتی و كیشوەرییەكانی تۆپی پێ، یانەكان ناچارنین رێگەبەچوونی یاریزانەكانیان بۆ بەشداریكردن لە ئۆڵەمپیاد، لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان بدەن، لە كاتێكدا بەشداریكردن لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لە ئۆڵمپیاد، یەكێكە لە خەونە لە مێژینەكانی ئێمباپێ.

میدیای ئیسپانیا دەڵێن، ئەم خاڵە بۆیە بۆ ئێمباپێ سەرنجڕاكێشە، چونكە جیا لەوەی كە ئەوە خەونی منداڵیی ئێمباپێیە كە میدالیای ئۆڵەمپیاد لەگەڵ فەرەنسادا بباتەوە، ئەو یاریزانەش لەوەش دڵنیا نییە ئاخۆ لە ئەگەری بەردەوامبوونی لە سانجێرمان، بەرپرسانی ئەو یانەیە رێگەی پێدەدەن لەگەڵ فەرەنسا بچێتە ئۆڵەمپیاد یان نا.