
پاش ئەوەی بەشێك لە ڕۆژنامەنووسەكانی ئیسپانیا بانگەشەی ئەوەیان كرد كە فلۆرێنتینۆ پێرێز بە نیازە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەندامانی ئەنجوومەنی گشتی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات و هەندێك دەزگای میدیایی گرنگ لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا ئەم دەنگۆیەیان بڵاوكردەوە.
ماوەیەكی زۆری نەخایاند ڕیال مەدرید وەڵامی ئەو هەواڵانە دایەوە و بە تەواوی ڕەتیكردەوە ، یانەكەش لە بەیاننامەكەدا پشتڕاستی كردەوە كە هیچ نیازێك نییە سەرۆكی یانەكە لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی گشتی دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە خولی دووەمی خۆیدا لە ساڵی 2009 واتە 14 ساڵ پێش ئێستا پۆستی سەرۆكایەتی یانەكەی وەرگرت و لەو ماوەیەدا تیپەكە توانی 5 جار نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت.
هێشتا فلۆرێنتینۆ ئامانجی دیكەی هەیە كە دەیەوێت بەدەستی بهێنێت، گرنگترینیان كردنەوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆیە بە شێوەی نوێ، هەروەها بنیادنانی پڕۆژەیەكی بەهێز و دروستكردنی پێكهاتەییەكی بەهێز كە توانای كێبڕكێی بۆ چەندین ساڵ هەبێت.