
لامین یەمال، یاریزانە شازدە ساڵانەكەی لاماسیا بە باشترین شێوە سوودی لە زۆری پێكانەكانی بەرشەلۆنە وەرگرت و پێگەی خۆی وەك یاریزانی سەرەكی لە یانەكەدا كردەوە و لە ئێستادا یاریزانەكە چاوێكی زۆری لەسەرە و بە داهاتووی بەرشەلۆنە ناودەبرێت.
ئەستێرە لاوەكەی بەرشەلۆنە لە ئێستادا لەگەڵ یانەكە گەیشتونەتە قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ و تێیدا روبەڕوی ناپۆلی دەبنەوە، ئەوە جێی سەرنجە دوایین جار كە بەرشەلۆنە گەیشتە ئەو قۆناغە، یەمال تەمەنی تەنیا چواردە ساڵ بوو و لە پێكهاتەی لاماسیای یانەكەدا بوو.
یامال لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ مۆڤیستار باسی لە سەردەمی منداڵی كرد و تێیدا وتی: لەوەتەی بیرمە بەردەوام یاری تۆپی پێ دەكەم، كاتێك منداڵ بووم زیاتر لەنێو پاركەكان یاریمدەكرد نەك لە ماڵەوە، هەركاتێكیش دەچوومە دەرەوە تەنیا بۆ ئەنجامدانی یاری تۆپی پێ بوو.
لاوەكەی بەرشەلۆنە باسی لەوەشكردووە، كاتێك منداڵ بووە كراوە بە گۆڵپارێز و تۆپێكیان داوەتە روخساریا بەڵام نەگریاوە، هەمیشەش بە پیسی و بە لێدراویەوە دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، هەمووكاتێكیش بە بیانووی جیاوازەوە وەڵامی ماڵەوەیانی دەدایەوە.
لامین ئەو بابەتانەشی بە یادگارییەكی خۆشی منداڵی ناوزەند كرد و پێیوایە ئەو ئەزموونانە ئەمیان گەیاندووە بەو ئاستەی ئێستا تێیدایە.