لامین یامال لە لێدوانەكانیدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس جیرارد ڕۆمیرۆ وتی: لە كۆتاییدا ئەوەی دەیزانم دەیكەم، دوای ئەوەی بەرامبەر تیپەكانی وەك فەرەنسا و ئەڵمانیا یاریم كرد، هیچی تر نەماوە جگە لەوەی هەمیشە بە جۆش و خرۆشەوە یاری بكەم.

وتیشی: ئێستا ئارامتر بووم، لەڕاستیدا وردە وردە وەڵامی نامەكانم دەدایەوە، دوای یارییەكەی فەرەنسا، یەكەم شتیش كە كردم خەوتن بوو بۆ ئەوەی خۆم ئارام بكەمەوە و بیر لە یاری كۆتایی بكەمەوە.

دەشڵێت: هەڵبژاردەی ئیسپانیا گروپێكی یەكگرتووە و هەموو شتێك بۆ یەكتر دەكەین، بە نمونەش كاتێك بەرامبەر فەرەنسا گۆڵمان تۆمار كرد پێدری و دانی كارڤاخال لە دەرەوە بەو پەڕی گڕوتینەوە ئاهەنگیان دەگێڕا، ئەوەش گرنگترین شتە بۆ تیمەكە.

ڕوونیشی كردەوە: سەیری ڤیدیۆی ئەو بەرگریكارە ناكەم كە لەبەردەممدا یاری دەكات، چونكە هەمیشە كورتكراوەی یارییەكان گرنگترین ئەو شتانەن كە یاریزانەكە كردویەتی و ئەوەش وات لێدەكات دەكات متمانەت بەخۆت نەمێنێت.

یامال دوپاتیشیكردەوە، كەمێك گەشەی كردووە، سەرەتا پێی وابووە كە تۆپی پێ تەنیا پەیوەندی بە جوڵانی قاچەكانەوە هەیە بەڵام بەراستی باری جەستەیی گرنگە، لە ئێستاشدا بیر لە هیچ شتێك ناكاتەوە تەنیا یۆرۆ نەبێت.

باسی لەوەشكرد، ژمارەی درێس لە بەرشەلۆنە بۆ ئەو گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە بە متمانەوە یاری بكات و ئەوەی ئارەزوویی دەكات بەپێی كات پێی دەگات.