
پرۆژەی سوپەر لیگ كە لە ساڵی 2021 بە سەرۆكایەتی فلۆرینتینۆ پێرێز راگەیەندرا شەش یانەی پریمەر لیگ تیادا بەشدار بوون كە دوو مانچستەرەكە و ئارسناڵ و لیڤەرپوڵ و چێڵسی و تۆتنهام بوون بەڵام بە خێرایی كشانەوە بەهۆی فشاری یەكێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا و هاندەرەكانیانەوە.
لە نوێترین پێشهاتدا، بێرنات ریچاردی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئەو پرۆژەیە دوپاتیكردەوە كە لە ماوەی رابردوودا بە دیاریكراوی لە دوای بڕیارەكەی دادگای وەرزشی ئەوروپاوە بە نهێنی گفتوگۆیان لەگەڵ چەند یانەیەكی ئینگلتەرا كردووە.
ریچارد دەڵێت، گفتوگۆكانیان لە چوارچێوەی یاسادان كە ئەوەش هەنگاوێكی سروشتییە بۆ گەڕاندنەوەی یانە گەورەكان بۆ پرۆژەكەیان بەڵام لە بارودۆخی ئەو یانانە تێدەگەن و هەوڵدەدەن كارێكیان بۆ بكەن كە ریووڕووی هیچ سزا و فشارێك نەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەیانەوێت هەمووان لە شایستە داراییەكانی پرۆژەكە تێبگەن كە هەنگاوێكی پیشەگەرانەیە، بەهیچ شێوەیەكیش پلانی ئەوەیان نییە كە كۆمەڵگەی تۆپی پێ بشێوێنن و ناشرینی بكەن و نایانەوێت هیچ یانەیەكیش خولی ناوخۆی وڵاتەكەی یان خولە ئەوروپییەكان جێبهێڵێت.