یانەكانی سعودیە ئارەزووی خۆیان بۆ گواستنەوەی یەكێك لە ئەستێرە دیارەكانی ریال مەدرید لە ماوەی مێركاتۆی زستانەدا نوێكردەوە، و ئەمجارە سوورن لەسەر ئەوەی لە ماوەی 10 رۆژدا واژۆی یاریزانەكە بەدەستبهێنن.

 تۆڕی دیفینسیا سێتڕاڵی ئیسپانی رایگەیاند، یانەكانی ئەهلی و ئیتیحاد لە سعودیەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەوەی هەوڵی دووبارە بەدەستهێنانی واژۆی لوكا مۆدریچ، یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدرید بدەن.

 ئاشكرابووە كە هەردوو یانە ئامادەن دەستەوارەی هاوینی رابردوو نوێبكەنەوە، كە بریتی بوو لە پێدانی مووچەیەكی ساڵانەی خەیاڵی بە یاریزانەكە، كە بریتییە لە 200 ملیۆن یۆرۆ، بەو مەرجەی گرێبەستەكە لە ماوەی 10 رۆژدا تەواو بكرێت.

 ئەو سەرچاوەیە روونیشیكردووەتەوە، ئەگەر لە وەرزی زستانیشدا لوكا مۆدریچ رازی بێت بە رۆیشتن، ریال مەدرید خۆی رێگری لە گرێبەستەكە دەكات.

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پێیوایە مۆدریچ یەكێكە لە یەدەگەكانی ئەم وەرزە لە ریزبەندیی مێرێنگێ كە جێی متمانەیە، و ئەستەمە دەستبەرداری مۆدریچ بێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئەگەری رەتكردنەوە و سەرنەگرتنی ئەم هەوڵانە، یانەكانی سعودیە دانوستانەكانیان لەگەڵ مۆدریچ بۆ هاوینی داهاتوو دوادەخەن، ئەمەش دوای تەواوبوونی گرێبەستەكەی.