لە كۆتایی نێیمار دا سێلڤا پاریس سانجێرمان و ئەوروپا جێدەهێڵێت و هاوشانی دەیان ئەستێرەی دیكەی جیهانی پەیوەندی بە خولی سعوودییەوە دەكات.

بەپێی سەرچاوەكان پاریس سانجێرمان بە كەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ رازیبووە دەستبەرداری نێیمار دا سێلڤا بێت و ئەستێرە بەرازیلییەكە بۆ دواجار یانە فڕەنسییەكە جێدەهێڵت.

بەپێی پێگەی فوت مێركاتۆ نێیمار دا سێلڤا بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەست لەگەڵ هیلالی سعوودی بە مووچەی ساڵانەی 100 ملیۆن یۆرۆ واژۆ دەكات.

نێیمار تەنیا وەكو یاریزان پەیوەندی بە خولی سعوودییەوە ناكات بەڵكو لە پاڵیدا چەندین دیاری و شایستەی دارایی وەردەگرێت.

نێیمار دا سێلڤا هاوشێوەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ فڕۆكەیەكی تایبەتی بۆ دابیندەكرێت و لە خزمەتی گەشتەكانی دا دەبێت و سەرجەم خەرجییەكانیش لەسەر یانەی هیلال هەژمار دەكرێت.

جگە لەوە نێیمار هاوشێوەی كریستیانۆ و جۆرجینای خۆشەویستی رێگەی پێدراوە لەگەڵ برۆنا بیانكاردی خۆشەویستی لە سعوودیە بژین ئەگەرچی ئەو وڵاتە رێگە نادات جگە لە هاوسەرەكان بەیەكەوە بژین، بەڵام ئەو یاسایە نێیمار ناگرێتەوە.

نێیمار ڤێلایەكی گەورەی پێدەدرێت و لە لایەن دەیان خزمەتكارەوە ڤێلایەكە سەرپەشتی دەكرێت و دەخرێتە خزمەت یاریزانە بەرازیلییەكەوە.

بەپێی بڕگەیەكی گرێبەستی نێوان نێیمار و هیلال هێرشبەرە بەرازیلییەكە بەرامبەر هەر بردنەوەیەكی هیلال 80 هەزار یۆرۆ وەردەگرێت.

جگە لەوانەش نێیمار دەبێت بە باڵوێزی وڵاتی سعوودیە و بەرامبەر هەر پۆستێكی لە سۆشیال میدیا كە ئاماژە بێت بۆ وڵاتی سعوودیە ئەوا نێیمار نیو ملیۆن دۆلار دەچێتە سەر هەژماری بانكییەكەی.

بەپێی رۆژنامەكان نێیمار لە ماوەیەكی كەم دەبێت بە ملیاردێر ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەپێی شایستە داراییەكان و خەڵاتەكانی سعوودیە بێت نێیمار ساڵانە 400 بۆ 500 ملیۆن یۆرۆ قازانج دەكات.