تۆڕی ئی ئێس پی ئێن رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی جارێكیتر هەوڵەكانی دەستپێكردووەتەوە بەمەبەستی پەلكێش كردنی جولیان ئەلڤارێزی یاریزانی یانەی مانچستەر سیتی.

تۆڕەكە رایگەیاندوە، لە ئێستادا هێرشبەرە ئەرجەنتینیەكە بووەتە ئامانجی سەرەكی ئەتلەتیكۆ مەدرید تا بیكەنە شوێنگرەوەی ئەلڤارۆ مۆراتا كە یانەكەیان جێدەهێڵێت و دەچێتە میلان.

ئاماژەی بەوەشداوە، دێگۆ سیمیۆنی راهێنەری یانە ئیسپانیەكە داوای ئیمزاكردنی گرێبەستی لەگەڵ ئەلڤارێز كردووە چونكە دڵنیایە لەوەی كە دەبێتە كەسێكی سەركەوتوو لە پرۆژەی داهاتوویاندا.

دەشڵێت، پێشتر یانە ئیسپانیەكە هەوڵی گواستنەوەی ئەلڤارێزی داوە بەڵام چوونی بۆ مانچستەر سیتی هەڵبژاردە، لە ئێستاشدا ئەو یاریزانە دڵخۆش نییە لە یانە ئینگلیزیەكە بەهۆی یەدەگبونیەوە و بیری لە رۆیشتن كردووەتەوە.