ڕۆژنامەی زەسەنی بەریتانی بڵاویكردەوە، یانەی نەسڕی سعودی دەیەوێت بەبێ بەرامبەر گرێبەست لەگەڵ داڤید دی خیای گۆڵچی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئیمزابكات، كە ئەم گرێبەستەكەی لەگەڵ شەیتانە سورەكە كۆتایی هاتووە، بەڵام دانوستاندنەكانی نێوانیان بەردەوامن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكە.

زەسەن ئاماژەی بەوەكردووە، بەپێی ئەو ئۆفەرەی نەسڕ پێشكەشی دی خیای دەكات، هەفتانە 250 هەزار پاوەند وەردەگرێت و جارێكی تر لە تەنیشت كریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پورتوگالی هاوكاری پێشووی یاری دەكاتەوە.

باسی لەوەشكردووە، ئارەزووی گۆڵچییە ئیسپانیەكە تا ئێستا مانەوەیە لە مانچستەردا، ئەگەر بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی لەسەر مەرجە تایبەتیەكانی لە گرێبەستە نوێكەدا.

مانچستەر یونایتد بڕیاریداوە موچەكەی دی خیا لە گرێبەستە نوێكەیدا كەم بكاتەوە، هاوكات بەشێك لە موچەكەشی پەیوەستبێت بە ژمارەی یارییەكانیەوە لە وەرزی داهاتوودا، بەڵام تا ئێستا دی خیا وەڵامی ئەو ئۆفەرەی یانەكەی نەداوەتەوە.