
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی هەڵبژاردەی پورتوگال لە مانگی یەكی ساڵی 2023ەوە پەیوەندی بە یانەی نەسڕی سعودیەوە كردووە و گرێبەستەكەشی لە هاوینی ساڵی 2025 كۆتاییدێت.
فابریزیۆ رۆمانۆی شارەزا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بڵاویكردەوە، كارگێڕی یانەی نەسڕی سعودی دەیانەوێت گرێبەستی رۆناڵدۆ نوێبكەنەوە و گفتوگۆكان لەگەڵیدا دەستپێبكەن.
فابریزیۆ ئاشكرایكردووە، یانە سعودیەكە ئۆفەرێكیان ئامادە كردووە تا پێشكەشی رۆناڵدۆی بكەن بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی بۆ ماوەی یەك وەرزیتر و تا هاوینی ساڵی 2026.
دەشڵێت، لە ماوەیكی نزیكدا یانە سعودیەكە دەست دەكەن بە گفتوگۆكانیان لەگەڵ كریستیانۆ لەسەر ئەو بابەتە لە پێناو ئەوەی بە خێرایی داهاتووی ئەو یاریزانە یەكلابكەنەوە.
رونیشیكردەوە، كارگێڕی نەسڕ دڵخۆش دەبن ئەگەر سەركەوتوو بن لە رازیكردنی رۆناڵدۆ بەڵام دەشزانن بڕیاری كۆتایی لای یاریزانەكەیە و بەندە بەوەی كە دەیەوێت بەشداری مۆندیالی 2026 بكات یان نا.
رۆناڵدۆ تا ئێستا 64 یاری بە درێسی یانەی نەسڕی سعودیەوە ئەنجامداوە، 58 گۆڵی تۆماركردووە و 15 ئەسیستی هەیە، نازناوی جامی یانەكانی عەرەبی لەگەڵدا بەدەستهێناوە.