كارلۆ ئانچیلۆتی بەر لە یارییەكەی ئەمڕۆیان بەرامبەر چێڵسی لە چامپیۆنزلیگ دووپاتیدەكاتەوە 180 خولەكیان لەبەردەمە و یارییەكەی ئەوڕۆش یەكلاكەرەوە نییە، ئاشكراشی كرد كە نیگەرانە بۆ ئەم دۆخەی چێڵسی چونكە، بیرەوەری خۆشی لەگەڵ ئەم یانە ئینگلیزیە هەیە.

كارلۆ ئانچیلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە پرێس كۆنفرانسێك لە بارەی یارییەكەی ئەوڕۆ لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر چێڵسی رایگەیاند ئەو یارییە ئاسان نابێت، راستە چێڵسی دۆخی خراپە، بەڵام ئەوان مەترسیدارن.

ئانچیلۆتی دەشڵێت: ئەم یارییەمان بەرامبەر چێڵسی یەكلاكەرەوە نییە، ئێمە پەرۆشین و شەوێكی دیكەی ئەفسووناویمان لە بێرنابیۆ دەوێت، یاریی یەكەم لە یاریگای خۆمانە و پێویستە سوودی لێ ببینین بۆ ئەوەی ئەركمان لە یاریی گەڕانەوە ئاسان بێت، پێموایە ئێمە لە یاریگای خۆمان و لە دەرەوەش یارییەكی باش دەكەین، لە وەرزی رابردوو بینیتان لە سەرجەم یارییەكان باش بووین و ناسناوەكەمان بەدەستهێنا، پێویستە بیری لێ بكەینەوە كە ئەم یارییە 180 خولەكە و دەبێت هەوڵ بدەین بە ئاستێكی باش یاریی بكەین، باشتریش دەبێت ئەگەر هێرشەكانمان وەكو یارییەكەی بەرامبەر بارسێلۆنا بێت.

ئانچیلۆتی گوتیشی: ڤالڤێردی بەباشی راهێنانی كردووە، ئەم یاریزانە هەندێك تایبەتمەندی نائاسایی هەیە و ناشمەوێت قسە لەسەر ئەوە بكەم كە لە یارییەكەی ڤیاریال چی روویدا، ئەو وەكو هەموو جارێك سبەی هەموو شتێك پێشكەش دەكات، ئەوەی گرینگە دەبێت رێز لە چێڵسی بگرین، ئەوان بە ساتێكی باش تێپەڕ نابن بەڵام دەبێ بزانین تیپێكی باشیان هەیە، هەندێك جار كە كە دۆخت خراپە بە باشترین شێوەی یاریی دەكەیت.

ئانچیلۆتی دەشڵێت: دوو ساڵ راهێنەرایەتی لامپاردم كردووە و ئەو بەباشی ئەم یارییانە دەخوێنێتەوە و دەزانێت چۆن تیپەكەی ئامادە بكات، من نیگەرانم بۆ ئەم دۆخەی چێڵسی چونكە بیرەوەری جوانم لەوێ هەیە، دوو ساڵی باشمان لەگەڵ ئەو یانەیە بەڕێ كرد، پێموایە لامپارد كاری باش بۆ ئەو یانەیە دەكات.

ئانچیلۆتی هێمای بۆ ئەوەش كرد ئەگەر بتوانن ئەم وەرزە نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەنەوە كەواتە لە ماوەی دوو وەرز توانیویانە سەرجەم نازناوەكان ببەنەوە، دەشڵێت: ئەوەی بە ئێمە كراوە یانە هەیە بە درێژایی مێژووی نەیتوانیوە بیكات.