
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی لە كۆتایی ئەم وەرزەدا تەواو دەبێت بەڵام تا ئەم ساتە داهاتووی بە نادیاری ماوەتەوە و نوێینەكردووەتەوە.
پێگەی تیم تۆڵك بڵاویكردووەتەوە، یانەی پۆرتۆگیزای بەرازیلی هەوڵەكانی دەستپێكردووە بەمەبەستی ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هاوینی ئەمساڵدا.
پێگەكە ئاماژەی بەوەداوە كە یانە بەرازیلیەكە ماوەی چەند مانگێكە چاودێری ئەستێرە پورتوگالییەكە دەكەن و بە یەكێك لە باشترینەكانی مێژووی تۆپی پێی دادەنێن.
ئەو تۆڕە لێدوانێكی ئەلێكس بۆرگوای سەرۆكی یانە بەرازیلیەكەی بڵاوكردووەتەوە كە دەڵێت، بە دڵنیاییەوە خواستی ئەوەیان هەیە رۆناڵدۆ رازیبكەن پەیوەندی بە یانەكەیانەوە بكات.
وتوشیەتی، دەیانەوێت پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان كۆمەڵگەی پورتوگال و بەرازیل دروستبكەن و گواستنەوەی كریستیانۆ بكەنە پردێكی گەورە لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتدا.
دوپاتیشیكردووەتەوە كە ئێستا ئەو بیرۆكەیان هەیە و دەزانن ئاسان نییە چونكە چەندین یانە لە جیهاندا هەوڵی گواستنەوەی ئەو ئەستێرەیە دەدەن، تەنانەت یانەی نەسڕی سعودیش دەیەوێت گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە.