ترێنت ئەلیكساندەر ئارنۆڵد لە ساڵی 2016ەوە یاری بۆ سەرجەم تیپە جیاوازەكانی یانەی لیڤەرپول كردووە و لە ئێستادا تەمەنی 26 ساڵە، پاش ئەو ماوە زۆرەش باس لەوە دەكرێت ریزەكانی یانەكە جێدەهێڵێت لە پێناو یاریكردن لە ریاڵ مەدرید.

لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەسەر داهاتووی یاریزانەكە هەبوو، بەشێكی زۆری میدیاكانیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە بەرپرسانی ریاڵ مەدرید دەیانەویت بە هەر جۆرێك بێت ئەو یاریزانەی باڵی راست بگوازنەوە.

لە ئێستاشدا بە گوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی رێلیڤۆ، ئالێكساندەر ئارنۆڵد پەیوەندی بە ریزەكانی ریاڵ مەدریدەوە دەكات.

تۆڕەكە باسی لەوەكردووە، سەرچاوە نزیكەكانی یانەكەی مەدرید ئاماژە بەوە دەكەن گواستنەوەی ئارنۆڵد بۆ ریاڵ بە رێژەی سەدا 98 كۆتاییهاتووە و لە وەرزی داهاتووە و ئەستێرەكە دەبێتە مەدریدی.

ئارنۆڵد لەم وەرزە 30 یاری لەگەڵ یانەكەی ئەنجامداوە تێیدا خاوەنی دوو گۆڵ و حەوت ئەسیستە.