
یانەی بایرن میونشن لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا ئاماژەیان بەوەدا، كارگێڕی ئارسناڵ ئاگاداریان كردونەتەوە كە هاندەرانی یانەكەیان ناتوانن ئامادەی یاری قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ بن كە لە یاریگای ئیمارات لە نۆی نیسان بەڕێوەدەچێت.
هەروەها لەو راگەیەندراوەدا یانە باڤارییەكە ئامۆژگاری هاندەرانی دەكات كە بلیتی ئەم یارییە نەكڕن و یانەكە پابەندی بڕیارەكە دەبن و تەنیا ژمارەیەكی سنووردار بلیت بۆ میوانە تایبەتەكانی ئەو یارییە ئامادە دەكات.
بایرن بە نەفرۆشتنی بلیتی یارییەكانی دەرەوەی ئەڵمانیا بە هاندەرانی خۆی سزا درا، دوای ئەوەی بەشێك لە هاندەرەكانی یاری ئاگرینیان لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی 16ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بە لازیۆ ئەنجامدا.
یانەكە لە راگەیەندراوەكدا بە ئاماژەدان بە بڕیارەكە نووسیویەتی، بە گشتی زۆر دڵخۆشین بە گەیشتن بە قۆناغی چارەكی كۆتایی، بەڵام یاریكردن لە دووری یاریگا بەبێ هاندەر گورزێكی گەورەیە بەرمان دەكەوێت.
بەڕێوەبەری جێبەجێكاری یانەی بایرن میونشن دووپاتی كردەوە كە یانەكەی ناڕەزایەتی دەرنابڕێت بەرامبەر بەم سزایە و وتی: بەداخەوە گروپێكی بچوك زیانیان بە هەموو هاندەرەكانمان و تیپەكەمان گەیاند.