بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە یەکەم یاریی دۆستانەیدا بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی نوێ، یانەی بارسێلۆنا لە کالیفۆرنیا بۆ یەکەمجار بەدرێسی سپییەوە بەرامبەر یانەی ئارسیناڵ یارییکرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر پێنج گۆڵ دۆڕاند.
 
سەرەتا لە خولەکی 7 رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی گۆڵێکی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد، بەڵام تەنیا پێنج خولەکی بەسەردا تێپەڕی بوکایۆ ساکا ئەنجامەکەی بۆ یانەی ئارسیناڵ یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 33 رافینیا بەلێدانی راستەوخۆ گۆڵی دووەمی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە تۆمارکرد و بارسێلۆنای کردە خاوەنی دوو گۆڵ، بەڵام بەر لەوەی نیوەی یەکەم کۆتاییبێت، کای هاڤێرتز جارێکی دیکە ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە و یارییەکەی گەڕاندەوە خاڵی سەرەتا.
 
لە نیوەی دووەمدا ئارسیناڵ باشتر یارییکرد، لە خولەکی 55 لیۆناردۆ ترۆسار گۆڵی سێیەمی لەندەنییەکانی تۆمارکرد، پاشان لە خولەکی 77 هەمان یاریزان گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی گانەرزی تۆمارکرد.
 
فێران تۆرێس لە خولەکی 88 گۆڵی سێیەمی بۆ بارسێلۆنا تۆمارکرد و ئەنجامەکەی کەمکردەوە، بەڵام خولەکێک دوای ئەم گۆڵە، فابیۆ ڤیێرا گۆڵێکی ناوازەی تۆمارکرد و ئارسیناڵی کردە خاوەنی 5 گۆڵ.
 
یارییەکە بە 5-3 لە بەرژەوەندیی یانەی ئارسیناڵ کۆتاییهات، بارسێلۆنا یەکەم یاریی دۆستانەی دۆڕاند، بەرەبەیانی رۆژی 30ـی ئەم مانگە بەرامبەر ریال مەدرید یارییدەکات.
 
ئارسیناڵ گەشتەکەی لە ئەمریکا کۆتاییهات و دەگەڕێتەوە لەندەن، رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو لە جامی ئیماراتس بەرامبەر مۆناکۆی فەرەنسی یارییدەکات.