لە ئێستادا یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی گەشتی وەرزشی بۆ ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا ئەنجامداوە و چەند یارییەكی دۆستانە لەگەڵ چەند یانەیەكی گەورەی ئەوروپا ئەنجام دەدات.

یانە كەتەلۆنیەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا، كە لە تویتەر بڵاویكردەوە هەڵوەشاندنەوەی یارییە دۆستانەكەی بەرامبەر یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی چەند یاریزانێكی تیپەكەی توشی هەوكردنی ڤایرۆسی گەدە و ڕیخۆڵەیان بوون.

بڕیاربوو یارییەكە بەرەبەیانی سبەینێ لە یاریگای لیڤی لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا بەڕێوەبچێت.

ئەمە دووەم یاری دۆستانەی بەرشەلۆنە دەبوو لە چوارچێوەی ئامادەكاریەكانی بۆ وەرزی نوێ، كە لە یەكەم یاریدا بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە یانەی ڤیسیل كوبی ژاپۆنی بردەوە، كە یاری ماڵئاوایكردنی ئەندرێس ئینێستا بوو لە یانە ژاپۆنیەكە.

بڕیارە یاری دۆستانەی سێیەمی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی بێت، كە پێنجشەممەی داهاتوو هەر لە ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.