ڕیاڵ مەدرید لە لۆس ئەنجلس ئامادەکاریەکانى دەستپێکرد، بەڵام کارڤاخال بەهۆى پێکانەوە نەیتوانیوە بەردەوام بێت.

یانەى ڕیاڵ مەدریدى ئیسپانى پێنجشەممە لە شارى لۆس ئەنجلسى ئەمریکا بۆ یەکەم جار ڕاهێنانى ئەنجامدا وەک ئامادەکارى بۆ وەرزى نوێ، کە لە ماوەى داهاتوودا چەند یارییەکى دۆستانە ئەنجام دەدات.

زیاتر لە 300 هاندەر ئامادەى ڕاهێنانەکان بوون و چاویان لەسەر ڤینیسیۆس جۆنیۆرى هێرشبەرى لاوى یانە مەدریدیەکە بوو، هەرچەندە پلەى گەرمى بەرز بوو، بەڵام هاندەرەکان سوربوون لەسەر ئامادەبوون و وێنەگرتن لەگەڵ یاریزانەکان.

ڕاهێنانەکان لەلایەن کارلۆ ئەنچیلۆتى ڕاهێنەرەوە سەرپەرشتى دەکرا، بەڵام دانى کاڤاخالى بەرگریکار بەهۆى ئازار لە پشتیدا نەیتوانى بەردەوامبێت، بەڵام یاریزانە نوێکانى وەک جود بێلینگهام و ئاردا گولەر ئامادەى ڕاهێنانەکان بوون.

شاندەکەى ڕیاڵ مەدرید لە ئەمریکا لە 25 یاریزان پێکدێت و لە یەکەم یارى دۆستانەى گەیشتە وەرزشیەکەیدا بەرامبەر یانەى ئەى سى میلانى ئیتاڵى یارى دەکات، کە یەکشەممەى داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

کارڤاخالى 31 ساڵ لە 2013وە یارى بۆ ڕیاڵ مەدرید دەکات و 375 یارى ئەنجامداوە و حەوت گۆڵ و 59 ئەسیستى تۆمارکردووە و 22 نازناوى لەگەڵدا بەدەستهێناوە.