
بڕیارە لە 10ی ئەم مانگەدا، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یاری چوونی قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنز لیگدا و لە دەرەوەی یاریگای خۆی رووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی ببێتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت هەواڵێكی ناخۆشی بۆ هاندەرانی یانەی بەرشەلۆنە بڵاوكردەوە كە ئەویش بەشداری نەكردنی پێدری ئەستێرەی ناوەڕاستی ئەو یانەیەیە لەو یاریە گرنگەدا.
رۆژنامەكە ئاشكرایكردووە، هەرچەندە ئەو یاریزانە هەنگاوەكانی چارەسەر كردنی لە پێكانەكەی بە باشی دەڕوات بەڵام هێشتا بە تەواوی ئامادەنییە بۆ یاری كردن.
ئاماژەی بەوەشداوە، پزیشكەكانی یانە كەتەلۆنیەكە بەو یاریزانەیان وتوە كە دەبێت بە وریاییەوە بگەڕێتەوە یاریكردن و نابێت بە هیچ شێوەیەك پەلە بكات چونكە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پێكانەكەی هەیە.
پێدری چوار هەفتەیە لە یاریگاكان دووركەوتووەتەوە بەهۆی ئەو پێكانەی لە سەرەتای مانگی ئازاری رابردوو تووشیهات و لە ئێستاشدا لە قۆناغەكانی كۆتایی چارەسەركردندایە بەڵام هێشتا گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵنەكراوە بۆ یاریكردن.