
رۆژنامەی ئاتلێتیكی ئەمریكی لە راپۆرتێكیدا ئاشكرایكردووە، ئاژانسی ئاسمانی ناسا دەیەوێت سوود لە بەرنامە و پلانەكانی ئەنتۆنیۆس پینتۆس راهێنەری توانای جەستەیی ریاڵ مەدرید وەربگرێت، بۆ ئەوەی سیستەمێكی تایبەتی خواردن و راهێنانكردن بۆ كارمەندەكانی خۆی لە گەشتەكانیان بۆ بۆشایی ئاسمان دابنێت.
رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، ناسا بانگهێشتی پینتۆسی كردووە بۆ هاوكاری لەگەڵ ئەم رێكخراوە لە پڕۆژەی ناسراو بە ئارتمیس، كە پڕۆژەیەكی سەرنجڕاكێشە و ئامانجی سەرەكی گەڕاندنەوەی مرۆڤە بۆ سەر رووی مانگ بۆ یەكەمجار لە پاش ساڵی 1972ەوە.
پینتۆس لەمیانی سەردانەكەی بۆ سەنتەری جۆنسۆن لە هیوستن لە ویلایەتی تێكساس، باسی لەوە كردووە كە چۆن شێوازی كاركردنی و شێوازە تایبەتەكانی دەتوانێت یارمەتی ناسا و ئاسمانییەكان بدات لە كاتی ئەركەكانیاندا تاوەكو لە شێوەی خۆیاندا بمێننەوە، وێنەی سەرنجڕاكێشی ئەو لە ماوەی كاركردنی لەم رێكخراوەدا و تەنانەت ئەزموونی دانیشتنی لە پشت هەندێك ئامێرەوە بڵاوكراوەتەوە.