
كارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریاڵ مەدری پێش یارییەكەیان بەرامبەر لیگانێس رایگەیاند، تیپەكە لە دۆخێكی باشدایە، قۆناغی یەكلاكەرەوەی وەرزەكە دەستپێدەكات، یاریی زۆریان لە پێشە، دەبێت لە ئاست بەرپرسیارێتییەكەدا بن.
ئەنچیلۆتی دەشڵێت: ئێمە لە هەموو پێشبڕكێكاندا ڕكابەری دەكەین، ئەمەش ئەو بەرپرسیارێتییە زیاد دەكات كە لەسەرمانە، هەموو یارییەك دەتوانێت یەكلاكەرەوە بێت، چونكە شەڕ دەكەین بۆ بردنەوەی پاڵەوانێتییەكان.
دوپاتیشیكردەوە، خولی ئیسپانی كۆتایی نەهاتووە، بەرشەلۆنە پێشەنگە، بەڵام دەبێت لە 11ـی ئایار یاریی كلاسیكۆ ئەنجام بدەن، هێشتا یاریی زۆر ماوە و ئەگەرەكان كراوەن.
وتیشی: متمانەمان بە یوفا هەیە و با لێكۆڵینەوە بكەن، پێمان وایە هەموو شتێك ڕاست بووە، یاریزانەكان ئاهەنگیان گێڕا، چاوەڕێ دەكەین بزانین چییان هەیە، بەڵام دڵنیاین هەموو شتێك بە باشی كۆتایی دێت.
باسی لەوەشكرد، تانەیەك هەیە و دەبێت قسەی خۆی بكات و بێ تاوانی خۆی بسەلمێنێت، باوەڕی تەواوی بە یاسا و دادپەروەری هەیە و نیگەران نییە، بەڵام ئەگەر پێی بڵێن خۆی لە باج دەدزێتەوە ئەوە نیگەرانی دەكات.