یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا ئەو سزایانەی ئاشكراكرد، كە بەسەر چەند یانەیەكی زلهێزی ئەوروپا سەپێنراون بەهۆی سەرپێچیكردن لە یاسای یاری پارەی خاوێن، كە دیارترینیان بەرشەلۆنەی ئیسپانی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزین.

یوفا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بە 500 هەزار یۆرۆ سزای بەرشەلۆنەی داوە بەهۆی هەڵەكردن لە ئامادەكردنی ڕاپۆرتی دارایی ساڵی 2022.

هاوكات یانەی مانچستەر یونایتد بە پێبژاردنی 300 هەزار یۆرۆ سزاداوە، بەهۆی كورتهێنانێكی كەم لە هاوسەنگی نێوان قازانج و خەرجییەكان، كە یوفا پێیوایە شەیتانە سورەكە باسی 15 ملیۆن یۆرۆی نەكردووە، كە لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا بەكاریهێناوە.

بەهۆی هەمان هۆكار یانەكانی كۆنیا سپۆری توركی و ئەپۆیڵی قوبرسی بە 100 هەزار یۆرۆ سزادراون، كە ئەمانیش كورتهێنانیان هەبووە لە هاوسەنگی نێوان قازانج و خەرجیدا.

یوفا باسی لەوەشكردووە، سزاكانی سەر بەرشەلۆنە و مان یونایتد كاریگەرییان نابێت لەسەر بەشداریكردنیان لە خولە ئەوروپیەكان لە وەرزی داهاتوودا، كە هەردوو یانەكە بەشداری لە چامپیۆنز لیگدا دەكەن.