یانەی یوڤێنتوس رووبەڕووی هەڕەشەی دوورخستنەوە لە چامپیۆنزلیگ لە وەرزی داهاتوودا دەبێتەوە. یوفا دەیەوێت دادگای ئیتاڵی بە زووترین كات بڕیار لەسەر ئەو تۆمەتانە بدات كە دراونەتە پاڵ یانەی خانمە پیرەكە، بۆ ئەوەی ئەویش لەسەر ئاستی ئەوروپادا سزاكانی بەسەر یانەكەدا بسەپێنێت.

 یانەی یوڤێنتوس دوای وەرگرتنەوەی 15 خاڵەكەی بەشێوەیەكی كاتی، ئێستا لە ریزبەندیی خولی ئیتاڵیادا پلەی سێیەمی گرتووە، هەر بۆیەش مافی بەشداریكردنی لە چامپیۆنزلیگ هەیە، ئەگەر یەكێك بێت لە چوار یەكەمەكانی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیا.

بەگوێرەی میدیاكانی ئەوروپا، یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا، چاوەڕوانی بڕیاری دادگای ئیتاڵیا دەكات سەبارەت بە تۆمەتباركردنی یوڤێنتوس بە ئەگەری پێشێلكردنی یاسای یاری  دارایی خاوێن.

 ئاماژەی بەوەشكردووە، یوفا گوشار دەخاتە سەر دادگا بۆ ئەوەی بڕیارێكی خێرا لەسەر یوڤێنتوس دەربكات.

 دەشڵێن "یوفا بەنیازە لە لای خۆیەوە لێكۆڵینەوەیەك لە دژی خانمە پیرەكە بكاتەوە، ئەگەر وادەی بڕیارەكە لەلایەن دادگای ئیتاڵیاوە درێژبكرێتەوە".

 ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەشكردووە، ئەگەر بەرپرسانی یوڤێنتوس بە تاوانی هەڵسوكەوتی ناوەرزشییانە تۆمەتبار بكرێن و ئەوە پشتڕاست بكرێتەوە، ئەوا هەڕەشەی دوورخستنەوەی یوڤێنتوس لە چامپیۆنزلیگ دەكرێت، لانیكەم بۆ ماوەی ساڵێك.

وەك ئەو سەرچاوانە باسی دەكەن، یوڤێنتوس لە سزادان و بێبەشكردن لە بەشداریكردن لە چامپیۆنزلیگ رزگاری نابێت، تەنانەت ئەگەر لەم وەرزەدا نازناوی یۆرۆپالیگیش بەدەستبهێنێت.