دی برۆین و ئیدرسۆن لە ئێستادا پێكانیان هەیە و چاوەڕێ دەكرێت بۆ یارییەكەی سیتی بەرامبەر ریاڵ مەدرید بە تەواوی ئامادەبن و بگەڕێنەوە یاریگاكان.

مانچستەر سیتی لە یارییەكەیان لە جامی یەكێتی ئیتنگلتەرا لە تواناكانی كیڤن دی برۆین و ئیدرسۆن بێبەش بوو، ئەستێرەكەی هەڵبژاردەی بەلجیكا لە دوو یاری دۆستانەی هەڵبژاردەكەی لەلایەن دۆمینیكۆ تێدێسكۆی ڕاهێنەرەوە دوورخرایەوە و پێكانەكەی لە رانیدایە و هێشتا بە تەواوی چاك نەبوەتەوە، وا بڕیارە یاریزانەكە لە 31ی ئەم مانگە بگەڕێتەوە یاریگاكان و لە یاری یانەكەی بەرامبەر ئارسناڵ ئامادەبێت بۆ یارییكردن.

گواردیۆلا لەبارەی بە پێكانی دی برۆینەوە وتی: لە ئەنفێڵد بە پێكانەوە یاریی كرد بەڵام لە ئێستادا بەرەو باشتر دەڕوات، لەو یارییەدا نەیزانی پێكانی هەیە، ویستی یارییەكە تەواو بكات بەڵام دواتر هەستی بە ئازار كرد و پێویست بوو پشوو بدات.

ئیدرسۆنی گۆڵچی یانەكەش لە یاری بەرامبەر لیڤەرپوول یاریگای بەجێهێشت بە هۆی تووش بوون بە پێكان لە ماسولكەكانی پێیدا، گواردیۆلاش سەبارەت بە گۆڵچیەكە راگەیاند، ئیدرسۆن بەرەو باشتربوون دەروات و هیوادارن پاش یارییە نێودەوڵەتییەكان بگەڕێتەوە پێكهاتەی یانەكە.

بەم شێوەیە پێشبینی دەكرێت هەردوو یاریزانەكە بە تەواوی ئامادەبن بۆ یاریكردن لە یارییەكەی 22ی نیسان بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.