پێش روبەڕوبونەوەی ریاڵ سۆسیداد، ئینریكی راهێنەری پاریس سان جێرمان رایگەیاند، لە گرنگترین ساتەكانی وەرزدان و ئامادەن بە ئاسانی روبەڕوی هەموو جۆرە ئاڵانگارییەك ببنەوە، یاریزانەكانی لە ئاستێكی باشدان و سەختە بەهۆی پێكهاتەی سەرەكی هەڵبژێرێت، بوونی مباپێشی بە دەستكەوتێكی گەورە لە پێكهاتەكەی دانا و دوپاتیكردەوە دەبێت بۆ بوونی یاریزانێكی لەو جۆرە ئاهەنگ بگێڕن.

ڕاهێنەرە ئیسپانییەكە سەبارەت بە ئاستی ئامادەكارییەكانی تیپەكەی ئاماژەی بەوەدا، سەد لە سەد ئامادەن و هەوڵدەدەن لە ریاڵ سۆسیدادا باشتر بن، وەرزەكەش سەلمێنەری ئەوەیە ئەوان وەرزێكی باشتر بەڕێدەكەن لە یانە ئیسپانیەكە، وتیشی: هەموو یاریزانەكانم ئامادەن، ئەگەر تۆپمان پێبێت 11 هێرشبەرمان هەیە، ئەگەر تۆپمان لانەبێت 11 بەرگریكارمان هەیە، ئەوە شێوازە بیركردنەوە ڕاستەكەیە.

ئینریكی سەبارەت بە سۆسیدادیش وتی: ئیمانوێل ئەلگواسیل ڕاهێنەرێكی گەورەیە، یانەكە و فەلسەفەكەی دەناسێت و سۆسیداد ماڵی خۆیەتی، تیمێكی هاوسەنگی لە هەموو هێڵەكاندا هەیە و لەم ساڵانەی دواییدا كاری نایابی كردووە و بێگومان یارییەكی زۆر قورسمان لە پێشە بەهۆی بەهێزی یانەی بەرامبەرەوە.