
لویس ئینریكی ڕاهێنەری یانەی پاریس سان جێرمان وەڵامی ئەو لێدوانانەی نەیمار جۆنیۆری بەرازیلی ئەستێرەی پێشووی یانەكەی دایەوە كە ڕایگەیاندبوو وەرزی ڕابردوو لەگەڵ لیۆنێل میسی لە دۆزەخی پاریسدا ژیاون.
ئینریكی لەوبارەیەوە بە ڕۆژنامەی لو پاریزیانی راگەیاند كە ئەوە ئەزمونی تایبەتی خۆیانە و هەر كەسێك و بەشێوازی خۆی ژیان دەكات، زۆر دڵخۆشم چونكە تیپێكی نمونەیی بەڕێوەدەبەم و هەوڵدەدەین باشترین ئەنجام بەدەستبهێنین.
ئینریكی لەبارەی بوونی شەش یاریزان لە هێڵی هێرشبەری پاریس سان جێرمان دوپاتیكردەوە كە زۆر دڵخۆشە بەو یاریزانانە چونكە خواستێكی زۆریان هەیە تاوەكو جێدەستی خۆیان جێبهێڵن، ئەركی منیش بەڕێوەبردنی كارەكانە.
لویس ئینریكی دوای بردنەوەكەیان بەرامبەر لیۆن لە خولی فەڕەنسا ستایشی ئاستی یاریزانەكانی كرد و ئاماژەی بەوەكرد كە جۆش و خرۆی یاریزانەكان لەخولەكی یەكەمەوە سەرسامی كردم بەڵام هەموو یاریەك لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە.