
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ركابەرییەكانی خولی ئەمریكادا، یانەی ئینتەرمەیامی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە یانەی تۆرۆنتۆی بردەوە، بەڵام لیۆنێل مێسیی لەدەستدا.
لە خولەكی 36ـی یارییەكەدا، مێسی بەناچاری داوای گۆڕانكارییكرد و لەلایەن تاتا مارتینۆ، راهێنەری ئینتەرمەیامییەوە گۆڕانكاریی پێكرا، ئەمەش ترسێكی زۆری لای هاندەرانی ئەستێرە ئەرجەنتییەكە و هاندەرانی یانەكە دروستكرد، بەتایبەت ئینتەرمەیامی لە كۆتایی ئەم مانگەدا یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیی كراوەی ئەمریكای هەیە و پێویستییەكی زۆری بە لیۆیە.
دوای یارییەكە تاتا مارتینۆ لە كۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە كە هەمووان دەیانویست زانیارییان لەبارەی مێسییەوە دەستبكەوێت و تاتا گوتی "هیچ هەلێك نییە بۆ یارییكردنی مێسی و ئەلبا بەرامبەر یانەی ئۆرۆلاندۆ، بەڵام لە پێموانییە شتێكی مەترسیدار یان پێكانی ماسوولكەكان بێت، پێموایە تەنیا هەستكردنە بە ئازار."
راهێنەری ئینتەرمەیامی زیاتر گوتی "پێموایە مێسی بەدەست پێكانێكی كۆنەوە دەناڵێنێت، كە لەم دواییەدا لە كاتی پشكنینەكانیدا لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانی ماندووی كردبوو، بەڵام لە پشكنینەكاندا هیچ پێكانێكی ماسوولكەیی دەرنەكەوت، بۆیە وای دادەنێین كە ئەو سەلامەتە، وەك چۆن باوەڕمان بەوە نییە كە پێكانی ماسوولكەیە، ئەمە دوای ئەوە هات كە قسەم لەگەڵ مێسی كرد، بەڵام دەبێت بەردەوامبین لە مامەڵەكردن بە وریاییەوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا پێشكەوتنەكانی دیكە دەبینین."
تاتا لەبارەی لیۆوە قسەی زیاتریكرد و دەڵێت "لە راستیدا نازانم لە یاریی كۆتاییدا یارییدەكات یان نا، پێویستە رۆژ لە دوای رۆژ بڕۆین و بزانین دەتوانێت بەشداری بكات، بۆ ئەوەش دەبێت چاوەڕێی راگەیێنراوی دەستەی پزیشكی بكەین."
دوای چوونە دەرەوەی مێسی لە یارییەكەدا، گاستۆن ئیدۆڵ، رۆژنامەڤانی ئەرجەنتینی دەڵێت "مێسی هەستی بە هەوكردن كردووە لە بەشی دواوەی ماسوولكەكانی و پێكانەكەی پێكانی گرژبوونی ماسوولكە نییە، ئەو پێكانەشی نوێ نییە و جێگەی مەترسی نییە، یاریزانەكە هەموو ئامانجێكی ئەوەیە لە یاریی كۆتایی پاڵەوانێتیی كراوەی ئەمریكادا یاریی بكات."