لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی سپۆرت میدیاستی ئیتاڵی دوای سەركەوتنی تیپەكەی بۆ یاری كۆتایی چامپیۆنز لیگ، سیمۆنی ئینزاگی ڕاهێنەری ئینتەر میلان ئاماژەی بەوەكرد، كاروانێكی ناوازەیان هەبووە و بردنەوە لە قۆناغی پێش كۆتایی ڕازیكەرە و تەنیا دەتوانێت ستایشی یاریزانەكانی بكات.

ئینزاگی دەڵێت "هێز و ئیرادە و سەرنجی خۆمان پیشاندا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە چوار دێربیمان كردووە سەرجەمیانمان بردووەتەوە، دەزانم میلان پاڵەوانی ئیتاڵیایە و كوالیتییەكی بەرزی هەیە، بەڵام یاریزانانی ئێمە زۆر ناوازەبوون و شایستەی ئەوەن ئەمشەو چێژوەربگرن".

ئینزاگی باس لەوەشدەكات، هەوڵێكی شێتانەیان داوە بێ گوێدانە ئەو پاڵەوانێتییەی یاری تێدادەكەن و تەنیا هەوڵیانداوە باشترینی خۆیان بەدەستبهێنن، ئێستاش گەیشتونەتە یاری كۆتایی چامپیۆنز لیگ و لە خولی ئیتاڵیاش گەڕاونەتەوە سەر ڕێگا ڕاستەكە.

لە بارەی ڕووبەڕووبوونەوەی یەكێك لە ڕیاڵ مەدرید و مانچستەر سیتی لە یاری كۆتاییدا ئینزاگی دەڵێت "هەردووكیان لە باشترین یانەكانی ئەوروپان، لە یاری چووندا هاوسەنگبوون، كوالیتی یاریزانەكانیان بەرزە، ئێمەش دڵخۆشین بەوەی بەدەستمان هێناوە و بە زۆر بە وردی سەیری ئەو یارییە دەكەم".