لە یاری كۆتایی جامی یۆرۆ، هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و ئینگلتەرا روبەڕووی یەكتر بوونەوە.

لە تایمی یەكەم، ئاستی ئیسپانیا باشتر بوو، وە كۆنترۆڵی تۆپیان زیاتر لەلا بوو، ئینگلتەراش زیاتر بەرگەری دەكرد و سەرەڕای ئەوەش چەند هەوڵێكی هەبوو بەڵام هەوڵەكانی هەردوو هیچ گۆڵێكی لێنەكەوتەوە و تایمی یەكەم بەبێ گۆڵ كۆتایی پێهات.

لە تایمی دووەم، دووبارە كوڕانی ئیسپانیا باشتر بینران و لە خولەكی 47یش لەڕێی یاریزان نیكۆ ویلیامزەوە گۆڵی یەكەمیان تۆماركرد، پاش ئەوە یارییەكە زیاتر كرانەوەی بەخۆیەوە بینی و ئینگلتەراش هێرشیان دەبرد، لە ئەنجامی هێرشێكیشدا لە خولەكی 73 پاڵمەر ئەنجامەكەی بۆ هەڵبژاردەی سێ شێرەكە یەكسانكردەوە، بەڵام یارییەكە بەو ئەنجامە نەمایەوە و لە خولەكی 86 ئۆیارزاباڵ گۆڵی دووەم و بردنەوەی ئیسپانیای تۆماركرد.

سەرەنجام یارییەكە بە بردنەوەی ئیسپانیا كۆتایی پێهات و بوونە پاڵەوان، ئەمەش چوارەمجار نازناوی یۆرۆ بەدەستدەهێنن.