رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی هەواڵێكی بڵاوكردووەتەوە و نووسیوویەتی "زینەدین زیدان هەموو ئەو دەستەوارانەی رەتكردووەتەوە كە بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەكان پێشكێشیكراون، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە متمانەی بە هیچ یەكێك لەو پڕۆژانە نەبووە."

 بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت زینەدین زیدان بگەڕێنێتەوە یانەكەی بۆ ئەوەی كار بۆ رێكخستنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەكە بكات بۆ وەرزەكانی داهاتوو و تیپێكی بەهێزیان هەبێت."

 ئەی ئێس دەڵێت "پێرێز ئامانجی ئەوەیە زیدان پۆستێكی نوێ لە یانەكەدا وەربگرێت، چ ببێتە راوێژكاری یانەكە یانیش ئەندامی دەستەی كارگێریی."

 بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە، زینەدین زیدان لەو كاتەوەی وازی لە راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدرید هێناوە، ناوی بە چەند یانەیەكەوە بەستراوەتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا راهێنەرە فەرەنسییەكە هیچ دەستەوارەیەكی قبوڵ نەكردووە و پۆستی داهاتووی بەتەواوی دیارنییە، هەرچەندیش چەند رۆژێك لەمەوبەر لە لێدوانێكدا گوتی "ئەو رۆژە دێت بگەڕێمەوە بۆ نێو كاری راهێنەرایەتی، بەڵام تاوەكو ئێستا دیارنییە كەی."

 زینەدین زیدان پێشتر دووجار وەك راهێنەر لە ریال مەدرید كاریكردووە، 11 نازناوی لەگەڵ یانەكە بەدەستهێناوە، كە سێیان نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپان.