زەینەدین زیدانی فەرەنسی و راهێنەری پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، ریاڵ مەدرید یانەیەكی گەورەی مێژووی تۆپی پێیە و هیچ كاتێك یاریزانی نایابی لێنابڕێت.

لەسەر لێكچوونی خۆی لەگەڵ جۆد بێلینگهام، زیدان دوپاتیكردەوە كە هەندێك بابەت هەیە كە دەتوانێت بیبینێت لەو یاریزانە بەتایبەت لەڕووی جوڵەوە بەڵام جیاوازیشیان زۆرە.

زیدان وتی: ئاستی بێلینگهام زۆر سەرسوڕهێنەرە، ئەو تەمەنێكی كەمی هەیە بەڵام كاری گەورە ئەنجامدەدات، هەمان ژمارەی من دەپۆشێت لە یانەی شاهانە بەڵام لە تەمەندا جیاوازین.

وتیشی: دڵنیام لەوەی كە یاریزانە ئینگلیزیەكە كاری گەورە بۆ یانەی ریاڵ مەدرید ئەنجامدەدات لە چەند ساڵی داهاتوودا، هیوادارم بتوانێت ژمارەیەك نازناوی زۆری لەگەڵدا بەدەستبهێنێت.

دەشڵێت، من و هەموو بەرپرسانی ریاڵ مەدرید و هاندەرانیش دڵخۆشین بە بوونی ئەو یاریزانە لە یانەكەدا، كەسێكی خۆشەویشتە و بە خێرایی جێگای خۆی لە دڵی هاندەرانی یانەكەدا كردەوە.