
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بەڵگەنامەیەكی نهێنی لە نێوان یانەی بەرشەلۆنە و خۆسیە ماریا نیگرێرای جێگری سەرۆكی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانانی لە خولی ئیسپانیا بڵاوكردووە.
مۆندۆ ئاماژەی بەوەكردووە، بەرشەلۆنە ڕێككەوتنێكی تەواو نهێنی لەگەڵ نیگرێرا كردووە، تەنانەت كوڕی ناوبژیوانەكەش ئاگاداری ئەو ڕێككەوتنە نەبووە، كە بەرشەلۆنە داوای چەند شتێك لە ناوبژیوانەكە دەكات.
بەڵگەنامەكە پێنج پێشنیازی تێدایە لە بەرشەلۆنە بۆ نیگرێرا، لە یەكەمیاندا داوا دەكات، لیژنەی پێشبڕكێكانی بەرپرس لە سزادانی ڕێكاری یاریزانان، بەتەواوی نابێت لە دادوەرانی شاری مەدرید پێكبهێنرێن.
دووەم، بەرشەلۆنە گفتوگۆیەكی هاوبەشی لەگەڵ یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا هەبێت، بۆ ئەوەی ئاگاداری پەیوەندییە دامەزراوەییەكان بێت، سێیەم، پێدانی ڕاسپاردە سەبارەت بە كارتی زەرد و سور، كە دەتوانرێت دوای یارییەكان تانەیان لێبدرێت، لەبەرئەوەی ئەگەر هەیە بڕیارەكانی ناوبژیوانان لە ڕووی تەكنیكییەوە جێگەی مشتومڕبن.
لە خاڵی چوارەمی بەڵگەنامەكەدا، بەرشەلۆنە داوای ئاگاداركردنەوە یان ڕاوێژكردن لە هەر سەردانێكی دامەزراوەیی یەكێتی ئیسپانیا یان لیژنەی ناوبژیوانان دەكات و لە كۆتا خاڵدا داوا دەكات یانەكەیان زانیاری هەبێت لەسەر ئەگەری هەر بەرژەوەندی یان ناكۆكییەك لە نێوان یەكێتی ئیسپانیا و ڕابیەی لا لیگادا.