من لەو ڕاستیە تێدەگەم کەوا کار و بیرکردنەوە و گەڕان و ئیرادەی مرۆڤ بەدوای ژیانێکی باشتر و شایستەتردا، مرۆڤی لەناو ژیانێکی سادە و لە ئەشکەوتەوە گەیاندە سەر هەسارەی مانگ، بەڵام من ماوەیەکی زۆرە خەریکم لەبارەی ناسکەوە دەنووسم و بیر دەکەمەوە، هەموو وزە و توانایەکی خۆم لە کار و بیرکردنەوەدا چڕ کردووەتەوە، کەچی هەرچەند دەکەم و دەکۆشم و هەوڵ دەدەم بەهیچ شێوەیەک لە چەندین بواردا لە ناسکە تێناگەم و تێناگەم. ئاخر ناسکە کە باری دەروونی ڕێکە و لە دۆخێکی ئاساییدا دەژی، ڕووخساری هێندە جوان و قەشەنگ و ئەفسوناوی دەنوێنێت، دەڵێی بەفری یەکشەوەیە و تازە باریوە، دەڵێی کابانی گەورەماڵان و سەرەژنی بەرومەجلیسانە، گفتولوتفیشی هێندە شیرینە دەڵێی ڕاوی هەنگوینی کەلێنەشاخی کوێستانەکانە. ناسکە ئەگەر بیەوێت شاژنێکی لێهاتووە و هێندە زۆرزان و عاقڵمەندە دەتوانێت کێشەی پووش و پاوانی حەوت گوند و کێشەی نێوان ژن و مێرد و هەموو بووک و خەسوەکانی وڵات چارەسەر بکات، کە بڕیاریشیدا، بڕوبیانووم پێ بگرێت و شەڕ و گۆبەندم بۆ ساز بکات و پێم بفرۆشێت، دەڵێی فڕۆکەی سیخۆیە و لەسەر یەک لاباڵ هێرشم بۆ دێنێت و ڕاست و چەپ بۆردوومانم دەکات. چەند مانگێک بەر لەئێستا ناسکە وەکو منداڵێکی لاسار و هاروهاج پێی لەکەوشان گیر کرد و چووە سەر تۆقەرانی دارێ و گوتی: پیاوەکە ئیللاوبیللا دەچمە حەجێ و تا زووە وردەکاری و تەدارەکی ئەو سەفەرەم بۆ ڕێک بخە. منیش گوتم: ئاخر ژنێ چوونە حەج بە نۆرەیە و دەبێت پێشتر ناوی خۆت تۆمار بکەی و کە ناویشت دەرچوو، ئەوجا دەتوانیت بچی!  ناسکە گوتی: نا، نەخێر و نابی، ئەدی تۆ چۆن و بە چ هەقێک بە خۆت دەڵێی پیاوی ماڵێ، ئەگەر نەتوانی کارێکی وا بکەی؟ ناسکە زیاتر پێداگری کرد و دواتر هەڕەشەی ئەوەی کرد، کە ئەگەر زەمینەی گەشت و سەفەری مەکە و مەدینەی بۆ نەڕەخسێنم یەکسەر دەڕواتەوە ماڵی باوکی و بەو بەری بەهارە ماڵ و منداڵم بەسەردا بەجێ دەهێڵێت. ناچار و لە ترسان بە هەزاران تکا و ڕەجا و پاڕانەوە ودەست ماچکردن،  سەفەر و فەریزەی حەجم بۆ هاوسەرەکەم ڕێک خست، بەڵام ناسکە بەوەندەش نەوەستا و وازی نەهێنا و بەڵکوو دوای ئەوەی ناوی بۆ حەج دەرچوو مەرجێ قورستری لەسەر دانام، ئەویش ئەوەبوو داوای لێ کردم مۆبایلەکەی خۆمی بدەمێ و لەگەڵ خۆی بیباتە حەجێ! کاتێک پرسیاری ئەوەم لێ کرد مەبەستت چیە و بۆچی مۆبایلەکەی من لەگەڵ خۆتدا دەبەی؟ گوتی: ڕاشکاوانە پێت دەڵێم پیاو جێی متمانە نین و ئاخر من دەڕۆم و تۆ تەنیا بەجێ دەمێنیت، کێ دەڵێت دوای من سەرەدیقانێ و ئەولاوئەولا دەست پێ ناکەی؟ منیش پێم گوت: ژنەکە بەو تەمەن و ڕیشە سپیە من هی ئەوە نیم، گوناهت دەگاتێ بەو گومانانە، گوێی نەگرت. ئەوەی پێشبینیم نەدەکرد، لەپڕ دووڕۆژ پێش ئەوەی بە ڕێ بکەوێت بۆ حەج، گۆڕانکاریەکی سەیر لە بیرکردنەوەی ناسکە ڕوویدا. لەپڕ لە سەفەرەکە پەشیمان بووەوە بڕیاریدا نەچێتە حەج. دواتر لە هۆکاری ئەو پەشیمان بوونەوەی تێگەیشتم. دیاربوو (ڕەعنا)ی دەستەخوشکی، تەلەفۆنی بۆ ناسکە کردبوو و پێی گوتبوو: غەریبێ وەکو من ماڵی خۆت کاول مەکە و قوڕ و هەشبەسەری خۆت مەکە٠ ئاخر منیش کە پار چوومە حەج، تا گەڕامەوە حەمەدکەی مێردم ژنە عەرەبێکی ڕەشکۆکەی بەسەر هێنا بووم، کار لەکار ترازابوو، ئەمن بەسەهوودا چووم و خراپ تێکەتم، ئەتوو نەکەی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا