
ئەبوکاروان
بەشێک لەو کۆمەڵگە، نەتەوە و گەلانەی ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و جینۆساید بوونەتەوە، دوای کارەساتەکان دەستیان بە خۆدروستکردنەوە و خۆڕێکخستنەوە کرد؛ لای ئەوان جینۆساید نەک هەر لەناوی نەبردن، بەڵکوو بوو بە هەلێکی ڕەخساو بۆ هەنگاونان بەرەو نیشتمانسازی، خۆبەڕێوەبردن، بەهێزکردنی شوناسی نەتەوەیی و تەنانەت دروستکردنی دەوڵەت. ئەم گەلانە بە لۆبیکردن و پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی بیرلێکراوە و دووربین، توانییان جینۆسایدەکەیان بە هەمووان بناسێنن و جیهان ناچار بکەن بە یاسا دان بە دۆسییەکەیاندا بنێت.
بەڵام ئەمە بۆ ئێمەی کورد کە ڕووبەڕووی پرۆسەی جینۆساید و کوشتنی بەکۆمەڵ بووینەتەوە، ڕێک پێچەوانەیە؛ نەمانتوانی سوود لەو پرۆسەیە وەربگرین و ڕێگری لە ڕوودانی کارەساتێکی هاوشێوە بکەین، یان وەک هەلێکی بابەتی بەرەو نیشتمانسازی و سەربەخۆیی هەنگاو بنێین. لێرەشدا پرسیارێک ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: بۆچی سەرکردەکانی کوردستان نەیانتوانی پلانی ستراتیژییەکی درێژخایەن بۆ ئەم ئامانجە بنەخشێنن، هەروەک گەلانی جینۆسایدکراو ئەنجامیان دا؟ بۆچی نەتوانرا جینۆساید بەرەو نیشتمانسازی و دروستکردنی دەسەڵاتێکی کوردستانییمان ببات، وەک ئەوەی جوولەکە لە مێژووی خۆیاندا کردیان؟ ئەمە لەکاتێکدایە کە گەلی کوردستانیش بە هەمان دۆخدا تێپەڕیوە و دەیتوانی لەو ماوەی ئەم سێ دەیەیەدا کە خۆی حوکمڕانیی خۆی دەکات، ئەو هەلەی بقۆزێتەوە.
لێرەدا دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە سەرکردەکانی کوردستان بە شێوەیەکی بابەتییانە و بەرنامەدارێژراو کاریان بۆ ئەم هەنگاوە چارەنووسسازە نەکرد؛ ئەمەش بەو مانایەیە کە ئێمە هێشتا لە ئاستی بیرکردنەوە، عەقڵ، لێکدانەوە، سیاسەت و دیپلۆماسییەتی جوولەکەدا نین. ئەگەر ئامانجی ئەوەمان هەبووایە و کەڵکمان لە ئەزموونی جوولەکە وەربگرتایە، هەر لە ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤دا دەکرا نەخشە بۆ هەنگاوەکان لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە بکێشرایە؛ بەڵام مخابن کێشەی حزبایەتی و کۆکردنەوەی سامانی دزراو، مەسەلە نەتەوایەتییەکەیان لەبیر بردنەوە. ئەمەش بێئومێدییەکی گەورەی لای خەڵکی کوردستان دروست کرد و گەیشتە ئەم قۆناغە ناڕوونەی ئێستا کە نازانرێت بەرەو کوێ دەچێت، و فاکتەرەکانی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە لە جینۆساید و ماڵوێرانی لە کوردستان هێشتا ئەگەری ڕوودانی هەیە.
بە بەراوردێک تێدەگەین کە هزری سیاسی و سیستەمی حوکمڕانیی جوولەکەکان بۆ خزمەتی خەڵک و گەلی جوولەکە بوو، بەڵام هزری سیاسی و سیستەمی دەسەڵاتداریی کوردستان لە خزمەتی بنەماڵە، حزب و وڵاتانی داگیرکەری کوردستاندایە. ئەوەی ڕوون و بەڵگەنەویستە، دوای ڕاپەڕین هەر کاتێک پەیوەندیی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ڕژێمی بەغدا باش بووایە، لە یادی هەڵەبجە و ئەنفالدا دەسەڵاتدارانی هەرێم لەسەر ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە بێدەنگ دەبوون و یادی کارەسات و جینۆسایدیان نەدەکردەوە؛ پێچەوانەش کە پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا تێک بچووایە، ئەم بابەتەیان دەوروژاندەوە و بە هەموو شێوەیەک یادەکانیان بەرز ڕادەگرت، لە پەراوێزیشدا دەکەوتنە پرتەوبۆڵە و گلەیی لە ڕژێم و کارێکیان دەکرد "نە شیش بسوتێ و نە کەباب". واتا ئەم هێزە حوکمڕانانەی کوردستان هەر لە سەرەتاوە پرۆسەی جینۆسایدی کوردستانیان پشتگوێ خست و وەک پڕۆژەیەکی ستراتیژی بۆ سەرخستنی دۆزی کوردستان کاریان لەسەر نەکرد؛ نەیانویست ببێتە بابەتێکی بەهێز و کاریگەر لە پرسی نیشتمانسازی و دروستکردنی دەوڵەتدا، هەرچەندە لە زۆر بۆنە و دانیشتنی گشتیدا وەک تاکتیک بۆ بەرژەوەندیی خۆیان، ڕووکەشانە قسەیان لەسەر کردووە و هەوڵیان داوە بەکاری بهێنن بۆ دەستکەوتە حزبی و بنەماڵەییەکانیان.
بە گشتی لەمەوە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەمانە لەناو لیتاوی شەڕی بەرژەوەندی و کورسی و دەسەڵاتی خۆیاندا تواونەتەوە و بوونەتە پارێزەری سیاسەتی وڵاتانی نەیاری کوردستان و بە هەموو شێوەیەک خەریکی کلکەلەقە و پاسکردنی ئەوانن و بەبێ بڕیاری ئەو وڵاتانە دەست بە ئاویشدا ناکەن. بێگومان هیچ وڵاتێکی داگیرکەری کوردستانیش، بە عێراقیشەوە، لەگەڵ ئەوەدا نین کە کورد وەک گەلێكی جینۆسایدکراو بناسرێت و سوود لەو جینۆسایدە وەربگرێت بۆ نیشتمانسازی و دروستکردنی دەوڵەت و پارێزبەندیی نێودەوڵەتی.
لە کاتێکدا ئەزموونی گەلانی جینۆسایدکراومان لەبەردەستە و دەمانتوانی سوود لە ئەزموونیان وەربگرین و ڕێگە بە نەیارانی نیشتمانەکەمان نەدەین ئەم هەلەمان لێ زەوت بکەن. ئەوان وەک گرووپێکی کۆمەڵایەتیی جینۆسایدکراو، لێزانانە کاریان لەسەر ئەم پرسە کرد؛ هۆڵۆکۆستیان کرد بە ئەدەب، یاسا، فەلسەفە، سینەما و هونەر و لە هەموو ڕەهەندەکانەوە کاریان لەسەر کرد و کردیان بە بەشێک لە ویژدانی تاکەکانیان. چەندین سەنتەری لێکۆڵینەوەیان دامەزراند تا کار لەسەر کاریگەریی ئەو پرۆسەیە بکەن لە مان و نەمانی نەتەوەکەیان. بۆ دانەبڕانی نەوە دوای نەوە لەو پرۆسەیە، لە پڕۆگرامی خوێندندا جێگیریان کردووە.
گەڕ گەلێک بییەوێت جینۆساید دووبارە نەبێتەوە، دەبێت بیکات بە هێزی مانەوەی گەلەکە و بنەمای پاراستنی بوونی وەک نەتەوە. جوولەکە ئەمەی کرد و ئێمە نەمانکرد؛ ئێمە تاکوو ئێستا لە کوردستاندا مۆنۆمێنتێکی شیاومان نییە کە هاوشێوەی مۆنۆمێنتەکانی جیهان بێت و کەلوپەلی قوربانی و ڕزگاربووانی تێدا بێت و بە زمانە نێودەوڵەتییەکان و کوردی لەسەریان نووسرابێت، تا گوزارشت لە مێژووی جینۆسایدی خەڵکی کوردستان بکات. ئەوەی هەمانە، لە ئاستی جینۆسایدەکەماندا نییە. تاکوو ئێستا دەسەڵاتی کوردی بودجەیەکی گونجاویان بۆ فیلمێکی دۆکیومێنتاری یان هونەری تەرخان نەکردووە تا لەو ڕێگەیەوە ئازار و تاوانە گەورەکانی گەلەکەی بگاتە وڵاتانی تر. تاکوو ئێستا جینۆسایدی کوردستان بە شێوەیەکی کاریگەر بەشێک نییە لە پڕۆگرامی خوێندن؛ ئەو پڕۆگرامەی لە وەزارەتی پەروەردە دانراوە پڕۆگرامێکی لاوازە.
لە بەشی یاسای زانکۆی هەڵەبجە لە ساڵی ٢٠١٤ ئەم بابەتە جێگیر کرا، بەڵام دواتر هەڵپەسێردرا بە بیانووی ئەوەی کە ئەم وانەیە لە زانکۆکانی دیکەدا نییە و دەبێت پڕۆگرامەکانی هەموو زانکۆکان هاوبەش بن! لە کاتێکدا ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ٦/٦/٢٠١٧وە بڕیاری داوە کە جینۆسایدی کوردستان و گەلان لە هەموو بەشەکانی زانکۆکاندا بخوێندرێت، بەڵام تاکوو ئێستا ئەم بڕیارە بە تەواوەتی لە زانکۆکاندا جێگیر نەکراوە، جگە لە زانکۆکانی هەڵەبجە، چەرمۆ و سۆران کە بەشێکیان وەک پڕۆگرامێک دەیخوێنن. ئەم گرنگی پێنەدان و خەمساردییەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە کورد خۆی هۆکار و فاکتەری نەناساندنی جینۆسایدی کوردە و خۆشی نایەوێت وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانسازی کاری لەسەر بکات. ئەو هێزە بەرگری و خەباتە لە دەروونی تاکێکی کورددا دروست نابێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی دووبارەبوونەوەی جینۆسایدی گەلەکەمان. لەم بارە ئاڵۆزە بەرژەوەندیخوازەدا، لە ڕووی ئابووری و دابەشبوونی خاکەوە هیچ گەرەنتییەک نییە کە جارێکی دی خەڵکی کوردستان جینۆساید نەکرێتەوە و جارێکی تر نەکەوینە بەردەم هەڕەشە و پەلاماری مەترسیداری دوژمنانی گەلەکەمان و دۆزە ڕەواکەی.