
بەشی دووەم
کاتێک دۆزی کرێکار لە چوارچێوەی کارگە دەچێتە دەرەوە بۆ ناو کایەی دەوڵەت و سیاسەت، ئەو کاتەیە کە لینین پێی وابوو هۆشیاریی شۆڕشگێڕی پێویستی بە ڕێکخستن و حزبی پێشڕەوە؛ ئەمە وادەکات بزووتنەوەیەک لە قۆناغی پیشەییەوە بگوازرێتەوە بۆ بزافێکی شۆڕشگێڕ. هاوکات ئەنتۆنیۆ گرامشیش چەمکی «هەژموون»ـی زیاد کرد و گەیشت بەو ئەنجامەی کە چینی سەرمایەدار تەنیا بەو هێزەی دەوڵەت حوکم ناکات، بەڵکو بە هێزی کولتوور، پەروەردە و کاریگەرییەکانی لەسەر هزر و عەقڵیش حوکم دەکات. لێرەدا گرامشی دۆزی کرێکار دەکاتە دۆزێکی «کولتووری و مەعریفی» بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی بۆرژوازی. ئەو فەزایەکی نوێی درک پێ کرد کە هەم سەرچاوەی هێزە بۆ دەسەڵاتی بۆرژوازی و هەمیش بۆ چینی کرێکار.
لەگەڵ گۆڕانکارییە نوێیەکان لە پەیوەندیی نێوان تیۆری و پراکتیک و کەڵەکەبوونی ئەزموونەکان لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا، «چەپی نوێ» (قوتابخانەی فرانکفۆرت، هێربەرت مارکۆزە و ئەوانی تر) گۆڕانکارییان لە تێڕوانین بۆ دۆزی کرێکار هێنایە ئاراوە. مارکۆزە لە کتێبی «مرۆڤی تاکڕەهەند»ـدا پێی وابوو لە کۆمەڵگەی پیشەسازیی پێشکەوتوودا، کرێکار لە ڕێگەی «بەکارهێنان و خۆشگوزەرانییەوە» لەناو سیستەمەکەدا تواوەتەوە و هێزە شۆڕشگێڕییەکەی لەدەست داوە. ئەم تێگەیشتنە دابڕاو نییە لە ڕوانینەکانی گرامشی لەبارەی سەرچاوەکانی هەژموون و هۆشیاریی ساختە.
چەپی نوێ تەنیا کرێکاری کارگەی بە «دۆز» نەدەبینی، بەڵکو خوێندکاران، کەمینەکان، ژنان و ڕۆشنبیرانیشی وەک هێزی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی پۆلێن کرد. ئەوان پێیان وابوو چەوسانەوە تەنیا لە کارگەدا نییە، بەڵکو لە «ژیانی ڕۆژانە و وردەکارییەکانی»ـدایە؛ هەرکاتێک مرۆڤ لە ماڵەوە دەچێتە دەرەوە، هەموو فەزاکە دەبێتە مەیدانی چەوساندنەوە؛ واتە لە ئابوورییەوە بۆ کولتوور. مارکسیزمی کلاسیک کرێکار وەک بزوێنەری شۆڕش و ڕزگارکەری مرۆڤایەتی دەبینێت، بەڵام چەپی نوێ، کرێکار وەک قوربانیی سیستمێکی گشتگیر دەبینێت و هەوڵ دەدات دۆزەکە فراوان بکات بۆ هەموو ئەو چینانەی کە لە ژێر ستەمی کولتووری، سیاسی و ئابووریدان.
ئەمە وای کرد دۆزی کرێکار لە فیکری چەپدا بەرەو پرسی «دادپەروەریی جیهانی»، «ژینگەدۆستی» و «دژایەتی چەوسانەوەی مرۆڤ لە سەردەمی ژیریی دەستکرد» هەنگاو بنێت. لەم سۆنگەیەوە، قەیرانی ژینگەی کارکردن لە دیاردەکانی ئیستغلالکردن و دەستدرێژی بۆ سەر مافی کرێکاران بەرجەستە دەبێت.
پێگەی چینی کرێکار لە فکری سلاڤۆی ژیژەک و ڕەوتە چەپە نوێیەکاندا گۆڕانکاریی بەرچاوی بەسەردا هاتووە. ژیژەک پێی وایە لە سەردەمی سەرمایەداریی جیهانگیریدا، چینی کرێکاری کلاسیک (ئەوانەی لە کارگەکان بوون) بوونەتە خاوەن ئیمتیاز، بەراورد بەو توێژانەی کە بە تەواوی لە سیستەمەکە فڕێ دراونەتە دەرەوە. «پڕۆلیتاریا»ـی ڕاستەقینەی ئەمڕۆ، دانیشتووانی پەراوێزەکان و ئەو ملیۆنان کەسەن کە لە پەراوێزی شارە گەورەکاندا دەژین و هیچ مافێکی یاسایی و بیمەیەکیان نییە؛ بێکاران و کۆچبەران، ئەوانەی سیستەمەکە وەک «پاشماوە» سەیریان دەکات. ژیژەک دەڵێت پڕۆلیتاریا ئەو کەسەیە کە لە «جەوهەرەکەی» داماڵدراوە (بۆ نموونە: کرێکارێک کە زانیارییەکان، جینات و تەنانەت ژینگەش بووەتە موڵکی کۆمپانیا گەورەکان). لای ژیژەک، چینی کرێکار چیتر تەنیا «هێزی بەرهەمهێنەر» نییە، بەڵکو ئەو «بۆشایی و خاڵە نادیارەیە» کە سیستەمەکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی بکات.
سەبارەت بە «کاری فیکری و هەستەکی»ـیش، لەم سەردەمەدا کار تەنیا بەرهەمهێنانی کاڵای فیزیکی نییە، بەڵکو بەرهەمهێنانی زانیاری، پەیوەندی و سۆزە (وەک کارمەندانی سۆشیاڵ میدیا، خزمەتگوزارییەکان و پەرستاران). کاتێک کۆمەڵگە وەک کارگە تەماشا دەکرێت، چیتر کار تەنیا لەناو دیوارەکانی کارگەدا نییە، بەڵکو هەموو کۆمەڵگە بووەتە کارگەیەکی گەورە. ئێمە لە ئینتەرنێتدا، خەریکی بەرهەمهێنانی زانیارین بۆ کۆمپانیاکان؛ کەواتە ئێمە هەموومان بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین «کرێکارین».
چەپە نوێیەکان زاراوەی فراوانتر لە «چین» بەکار دەهێنن. ئەمە بەو مانایەیە کە هێزی ڕووبەڕووبوونەوە تەنیا یەک جۆر کرێکار نییە، بەڵکو پێکهاتووە لە: کرێکاری کارگە، کارمەندی تەکنەلۆژیا، بزافی ژنان، ژینگەدۆستان و کەمینە ڕەگەزی و نەتەوەییەکان، کە هەموویان لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە، ئەویش ڕووبەڕووبوونەوەی «ئیمپراتۆرییەتی سەرمایەداری»ـیە.
لە کۆتاییدا، چەمکی «پڕیکاریات» (Precariat) ئاماژەیە بۆ چینێکی نوێ کە کارەکانیان هیچ دڵنیاییەکی تێدا نییە (گرێبەستی کاتی، کارکردن بە سەعات، بێ بیمە). ئەم چینە لە هەموو جیهاندا لە زیادبووندایە و بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر سەقامگیریی سەرمایەداری. ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین، لە کوردستان ئەم دیاردەیە ڕۆژ بە ڕۆژ لە هەڵکشانە و هەزاران کەس دەگرێتەوە.
